ئاوات شێخ جەناب: بە هەمو توانایەکمانەوە خزمەتی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان دەکەین
  2022-10-24       204       

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستیە تایبەتەییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان چینێکی گرنگی کۆمەڵگەن و بە هەمو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

ئاوێنە:  دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستی تایبەتەکان کۆبۆوە، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابوری وتی "ئێوە چینێکی گرنگی کۆمەڵگەی ئێمەن بۆیە پێویستە بە هەمومانەوە پێداویستیەکانتان بۆ دابین بکەین، بێ هیچ دو دڵیەک ئەوەی لە توانای وەزارەتی دارایی دابێت جێبەجێی دەکەین". 

ئەوەش هاتوە، لەبەرامبەر دا عومەر جەبار، سەرۆکی ئەنجومەنی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ئابوری کرد کە هەمیشه لەخەمی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان بوە. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم دەڵێت، وەزیری دارایی و ئابوری بڕیاریدا بڕێک سوتەمەنی بۆ ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دابین بکات. 
 
لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی باڵای ئەو ڕێکخراوانە بەشداربون کە پێکهاتون لە هەر حەوت رێکخراوی خاوەن پێداویستی تایبەت (یەکێتی نابینایانی کوردستان، کۆمەڵەی کورتە باڵاکان، یەکیتی کەمئەندامان ، تالاسیما ، نابیستان ، کۆمەڵەی رۆژ ، توانا بەخشان).

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×