سەرۆككۆماری ئێران پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆككۆماری عێراق دەكات
  2022-10-24       413       

سەرۆككۆماری ئێران لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق، رایگەیاند، عێراقێكی گەشەسەندو و سەربەخۆ و بەهێز، كاریگەری دەبێت لەسەر بەدیهێنانی ئارامی لە ناوچەكە.

ئاوێنە: ئیبراهیم رەئیسی لە پەیامەكەیدا بۆ د. لەتیف رەشید، پیرۆزبایی لێكردوە بۆ دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆككۆماری عێراق و هەروەها پیرۆزباییشی كردوە لە راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

رەئیسی وتویەتی"پەیوەندی برایانەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق كورتنابێتەوە لە سنوری جوگرافی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردو حکومەتدا، بەڵكو لە قوڵاییەكی شارستانی و كولتوری و جەماوەرییەوە هەڵدەقوڵێت كە رەگی لە مێژودا هەیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەمو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ پتەكردون و قوڵكردنەوەو پەرەپێدانی هاریکاری نێوانمان لەڕێگەی لێکنزیکبونەوەی هەردو وڵاتی برا."

جەختیشی كردۆتەوە كە "عێراقێكی گەشەسەندو و سەربەخۆ و بەهێز، لە رێگەی گێڕانی رۆڵێكی ئەرێنی و بونیادنەرەوە، كاریگەری دەبێت لەسەر بەدیهێنانی ئارامی لە ناوچەكە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌میشه‌ پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی بونیادنراو لەسەر دەنگی خەڵك لە كۆماری عێراق كردوە، هەمو هەوڵێك دەدات لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندی دۆستانەی هەردو وڵات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×