نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی رایگەیاند، تەنها دوێنێ یەكشەممە، 41 حاڵەتی نوێی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكەیان تۆماركراون.
ئاوێنە: نەخۆشخانەی هیوا كە تایبەتە بە توشبوانی شێرپەنجە، ئەمشەو دوشەممە، ئاماری رۆژی رابردوی نەخۆشخانەكەی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئامارەكە دوێنێ ٤١ حاڵەتی نوێی توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكە تۆمار کراون و کۆدیان بۆ کراوە.
بەگوێرەی ئامارەكە، هەر دوێنێ ٩٥٠ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردوەو 4 هەزارو 300 پشکنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی بۆ نەخۆش ئەنجام دراون و ١٣٨ نەخۆشیش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتوەو ١٩٢ نەخۆش پشکنینی تیشک و ئیکۆ و سۆناریان بۆ کراوە.
ئامارەكە ئاماژەی بەوەداوە كە هەر دوێنێ ١١٠ نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێراو ٢٦٠ نەخۆش لە قاوشە جۆراوجۆرەکانی نەخۆشخانە داخڵ کراون.