ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بانکی ناوەندی بە نیاز نییە نرخی دۆلار دابەزێنێت
  2022-10-24       530       

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی لەدو توێی راپۆرتێكدا پێی راگەیاندون كە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بكات و هۆكارەكانیشی بۆ رونكردونەتەوە.

ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"چەند رۆژێک لەمەوبەر وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لەوەڵامدا کە لەدوتوێی راپۆرتێكدا ناردویانە بانكی ناوەندی جەختەکاتەوە کە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بکات.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە لە دوتوێی راپۆرتەكەیدا بانكی ناوەندی رونیكردۆتەوە كە لەبەر ئەم هۆكارانە بەنیاز نین گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكەن:

- نرخی ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرئەنجامی پۆزەتیڤی هەبوەو تاڕادەیەکی باش كورتهێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردۆتەوە وێڕای ئەوەی حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشی بداتەوە.

- گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لەماوەی لێکنزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و دروستکردنی كاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی ئابوری و رەوشی وەبەرهێنان و زیادبونی چالاکی مضاربە بە دراو.

- دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی.

د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشداوە كە سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی نرخی ئیستای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بەتایبەت بۆ كەمدەرامەتان، بانکی ناوەندی پێی وایە دەکرێت حکومەت لەرێگەی بەخشینی کۆمەک و هاوكاری بەو  توێژانەو هەروەها لەڕێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×