لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی گرانی نرخی نەوتی سپی نوسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز دەکات.
ئاوێنه: لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵان و گرانیی نرخەکەی تاوتوێکرا و بڕیاریاندا نوسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز بکەن، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و ساردەکان دەستیپێکردووە، بەڵام بەھۆی گرانی نرخەکەی تائێستا ھاووڵاتیانی قەزای پێنجوێن و سەیدسادق رەتیانکردەوە نەوتی سپی بە ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار وەربگرن و داوادەکەن حکومەت نرخەکەی دابەزێنێت.