بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاشکرای کرد، خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران کاریگەرییان لەسەر گەشتکردنی ھاوڵاتییان بۆ ئەو وڵاتە ھەبوە بەڵام كاریگەرییان لەسەر جوڵەی بازرگانی نەبوە.
ئاوێنە: عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند "ئەو خۆپێشاندان و ئاڵۆزییانەی لە ئێران دەستی پێ کردوە، کاریگەرییان لەسەر ھاتوچۆی ھاوڵاتییان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبوە، بەتایبەتی سەردانی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێرانەوە زۆر کەمی کردوەو ئێستا خۆپێشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە هەیە."
لەبارەی جوڵەی بازرگانییشەوە، بەرپرسی گشتیی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران وتی"ڕەوشی ئێستای ئێران تەنیا کاریگەریی لەسەر گەشتکردنی ھاوڵاتییان ھەبوە، لەڕوی جوڵەی بازرگانییەوە ھێشتا کاریگەریی نەبوەو ڕۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و ڕەوشی ناوخۆی ئێران ھیچ زیانێکی بۆ کەرتی بازرگانی نەبوە."