گۆڕانکاریی لەنرخی کارتی مۆبایل‌و ئینته‌رنێت ده‌كرێت
  2022-10-26       456       

وەزیری گەیاندنی عێراق ئاشکرایکرد، پێشنیازێکیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکردۆتەوە بۆئەوەی ئەو باجەی لەسەر بەکارهێنەرانی مۆبایل‌و ئینتەرنێتدا سەپێنراوە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەوپێیەی بەو دۆخە داراییەی ئێستا هیچ پاساوێک بۆ هێشتنەوەی نەماوە.

ئاوێنە: ئەرکان شەهاب شەیبانی وەزیری گەیاندنی عێراق لەلێدوانێکدا وتی:"پێشنیازێکم بەرزکردۆتەوە بۆئەوەی ئەو باجی لەسەدا 20 ی خراوەتە سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت هەڵبوەشێنرێتەوە، بەوپێیەی ئەو باجە لەساڵی 2014 سەپێنراوە کە ئەوکات عێراق لەقەیرانێکی داراییدا بوو، هەروەک شەڕی داعشیش هەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هۆکارێکی تریش هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا یاسای بودجە ڕاوەستاوەو ناکرێت باجیش بەبێ یاسا بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنرێت، لەبەرئەوەی ئێستا هاوڵاتی بێ هیچ یاسایەک لەسەدا 20ی باجی سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت دەدات".

بەوتەی ئەو، "بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران‌و دیوانی چاودێری داراییان ئاگادارکردۆتەوەو تێیدا داوایانکردوە ئەو باجە هەڵبگیرێت، پێشبینیشده‌كه‌م حکومەتی داهاتوی عێراق باجی سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت هەڵبوەشێنێتەوە".

چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش زوهرە بیجاری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن‌و پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، دەیانەوێت لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 باجی سەر کارتی مۆبایل‌و ئینتەرنێت هەڵبوەشێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×