یەکێتی نیگەرانییه‌كانی‌ له‌دۆخی حکومڕانیی هەرێم ده‌گه‌یه‌نێته‌ کۆمەڵ‌و یەكگرتوی ئیسلامی
  2022-10-26       664       

له‌دو سه‌ردانی‌ جیادا، وه‌فدی‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سه‌ردانی‌ کۆمەڵ‌و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانیان كردو په‌یامی‌ نیگەرانیی خۆیان له‌سه‌ر دۆخی حکومڕانیی هەرێم ڕاگه‌یاند.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەمە وه‌فدێكی‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەشاری هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیان کردو لەلایەن عه‌لی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی باڵاوە پێشوازی کران.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌نراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، "لەکۆبوەنەوەکەدا شاندی یەکێتی نیشتمانی لەسەردۆخی حکومڕانیی لەهەرێم پەیامی نیگەرانیی خۆیان لەبارودۆخەکە گەیاندە کۆمەڵی دادگەریی و لەبەرامبەردا سەرۆکی کۆمەڵ پێی ڕاگەیاندن وێڕای تێبینی و سەرنج و ڕەخنەمان لەشێوازی ئیدارەدانی هەرێم، بەڵام خوازیارین گیروگرفتەکانتان بەگفتوگۆو لەیەک تێگەیشتن چارەسەربکەن."

هه‌ر ئه‌مرۆ لەشاری سلێمانی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان بەئامادەبونی شاندێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازیكرد لەشاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌نراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، "بەپێویست زانرا كە هێزو لایەنە سیاسیەكان لەپێناو خەڵك‌و خاكی كوردستان ناكۆكیەكانیان وەلا بنێن."

ئه‌و سه‌ردانی‌ یه‌كێتی‌ بۆلای‌ ئه‌و دو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ به‌شدارێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌و په‌ڕی‌ ئاڵۆزیدایه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×