ڕونكردنه‌وه‌ی‌ د. ڕێواز فائق سەبارەت بەتەندروستی پەرلەمانتار د.كازم فاروق
  2022-10-26       828       


نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی‌ كوردستان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، ئەم ئێوارەیە د. ڕێواز فائق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی كردووه‌ به‌ د.زاهر فاروق برای د. كازم‌و د.زاهر ڕایگەیاندووە كە دۆخی تەندروستی د.كازم فاروق ناجێگیرەو لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرددایە.


ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕونكردنه‌وه‌كه‌:


ڕونكردنەوەیەك لەنووسینگەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانەوە سەبارەت بە تەندروستی پەرلەمانتار د.كاظم فاروق

بە پێویستی دەزانین ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز (د. كاظم فاروق) بخەینەڕوو..

لێرەوە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە ئەم ئێوارەیە بەڕێز د. ڕێواز فائق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز د.ظاهر فاروق برای د. كاظم لە ڕەوشی تەندروستی بەڕێزیانی پرسی، و بەڕێز د.ظاهر ڕایگەیاندووە كە دۆخی تەندروستی د.كاظم فاروق ناجێگیرە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دایە.

تایبەت بەشایستەداراییەكان و مووچەی (د.كاظم فاروق) یش كە پرسیارێكی زۆرمان لەبارەیەوە ئاراستە دەكرێت، بەپێویستی دەزانین ئەوە ڕابگەیەنین كە بەڕێزیان هێشتا ئەندامی پەرلەمانە و بەپێی یاسا بەركارەكان شایستەی مووچەیە،و بە پێی  ماددەی (120)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لە خەرجی نەخۆشیەكەشیدا هاوكاری بكرێت، لەو ڕوانگەیەوە وەك مافێكی یاسایی بڕیاری بەردەوامی مووچەكەی لە ئەستۆی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانە، و مانگانە مووچەكەی دەخرێتە سەر هەژماری تایبەتی بەڵام لەلایەن خێزانەكەیەوە پێمان ڕاگەیەندراوە كە لە دوای پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی نەخۆی و نەخێزانەكەی هیچ بڕە پارەیەكیان لە ڕەسیدەكەی ڕانەكێشاوە، و ئەوەی لە ئێستادا گرنگە ئەوەیە هەموولایەك نزای خێری بۆ بكەن.

بۆیە داوا لە تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین، كە لە ئێستادا ڕێز لە تایبەتمەندی كەسیی و باری دەروونی خێزان و كەس و كارەكەی بگرن و بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×