پرسى گیراوانى بادینان ده‌برێته‌ ناو كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تی
  2022-10-27       442       

تیمی کوردستانی عێراقی CPT ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "وەک بەشێک لەئەرکی داکۆکیکردنی بۆ تیمەکانی بونیادنەری ئاشتی کۆمەڵگە، ئەم مانگە کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی CPT لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەشداریی لەکۆنفرانسی جیهانگیریدا کرد کە لەلایەن Norwegian Social Forumەوە ڕێکخرابوو، لەو کۆنفرانسەدا کامەران وەک پانێڵست بۆ قسەکردن لەسەر کارو پڕۆژەکانی تیمی کورستانی عێراقی CPT بانگهێشتکرابوو".

ئاوێنه‌: ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات،، "لەیەکێک لەپانێڵەکاندا، کامەران دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژ بەڕۆژنامەنوسان‌و ئەو ئاستەنگ‌و دژواریانەی کە بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لەکوردستاندا ڕوبەڕویاندەبنەوە قسەیکردوه‌و ئاماژه‌ى به‌بارودۆخی زیندانیانی بادینان كردوه‌ کە بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی‌و شەڕکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون".

 هەر لەو پانێڵەدا، کامەران دەربارەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاو عێراق بۆسەر خاکی هەرێم قسه‌یكردوه‌و چیرۆکی بەشێک لەهاوبەشەکانی CPT بۆ ئامادەبوان باسکردوه‌ کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاو ئێرانەوە کەسوکاریان لەدەستداوەو زیانی گیانیان بەرکەوتوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لەکۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى CPT داوای لەبەشداربوانی کۆنفرانسەکە کردوە کە بەوێنەیەکی بەکۆمەڵ بەشداربن بۆ هاوسۆزی دەربڕین بۆ زیندانیانی بادینان‌و هەروەها داوای کۆتاییهێنان بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاو ئێران بۆسەر خاکی هەرێم بکەن.

باس لەوەشکراوە، گوەک دوا چالاکی، بەشێک لەبەشداربوانی کۆنفرانسەکە ڕێپێوانێکیان دژ بەئیمپریالیزم‌و زوڵم‌و ستەمی سیستەماتیک ڕێکخستوەو بەشداربوانی ڕێپێوانەکەش داوای ئازادیان کردوە بۆ زیندانیانی بادینان‌و هەروەها داوای کۆتاییهێنان بەبۆردومانەکانی تورکیاو ئێرانیان دەکرد لەخاکی هەرێمی کوردستاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×