كچێكی 16 ساڵانی خەڵكی سنە بەهۆی لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گیانی لەدەستدا
  2022-10-28       433       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، كچێكی 16 ساڵانی خەڵكی سنە دوای لێدانی لە خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هیزە ئەمنییەكانەوە، دوێنێ پێنجشەممە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، سارینا ساعیدی، تەمەن 16 ساڵ و خەڵكی سنە، دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی قسەی هەنگاو، سارینا ساعیدی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممەی رابردودا لە گەڕەکی نایسەری شاری سنە کەوتوەتە بەر هێرشی توندی هێزە ئەمنییەكان و بەهۆی لێدانی توند لەسەری لەلایەن ئەو هێزانەوە، سارینا بە سەختی بریندار و توشی خوێنبەربونی مێشک بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"سارینا ساعیدی بەهۆی ئەو لێدانانەی کە بەر سەری کەوتون دوێنێ پێنجشەممە، لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەستداوەو لە ژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکاندا لە شەوی رابردو ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو کچە بەڕێوەچوە."

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ساعیدی كە بۆ هەنگاو قسەی كردوە، ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنی سارینا ساعدی لە کەشێکی تەواو ئەمنیداو بە ئامادەبونی کەمتر لە ١٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بەڕێوەچوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ساعیدی کردوە، کە دەبێت هۆکاری مردنی کچەکەیان بە خۆکوشتن ڕابگەیەنن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×