ئه‌مریكا په‌یامێكی نوێی له‌باره‌ی دۆخی رۆژنامه‌نوسی له‌ هه‌رێم راگه‌یاند
  2022-10-28       388       


شاندێكی كونسوڵخانه‌ی ئەمریکا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ناوەندی هەولێری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی و ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانیان لەسەر ئاستی خۆجێیی و نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە تێیدا ڕۆژنامەنوسان بتوانن کاری خۆیان بکەن بە بێ ترس لە تۆقاندن و هەراسانکردن و تۆڵەلێسەندنەوە.  

ئاوێنه‌: كونسوڵخانه‌ی ئەمریکا له‌ هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا سەردانی ناوەندی هەولێری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس کۆبونەوە بۆ زانیاری وەرگرتن دەربارەی ناوەندەکانی میدیای حزبه‌كه‌ و پڕۆگرامەکانیان، هەر لە میانەی سەردانەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی گرنگیی ئازادیی ڕاگەیاندن و هەماهەنگیکردنی یەکتر لە داهاتودا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشانمان لەسەر ئاستی خۆجێیی و نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە تێیدا ڕۆژنامەنوسان بتوانن کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس لە تۆقاندن و هەراسانکردن و تۆڵەلێسەندنەوە".  

26ی ئه‌م مانگه‌ش ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسانی هەرێم کۆبوەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "برەودان بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن لە کارە هەرە لە پێشەکانی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ئەو کارە لە پێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر بە دیدێن لە ڕێی کارکردنەوە لە گەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو پێکهاتانەی بەپێی پێویست نوێنەرایەتی نەکراون".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×