وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەچەند هەفتەی داهاتو، ژمارەیەک باڵەخانەی نوێی پەروەردەیی دەکەونە بواری خزمەت و بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی نوێش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن.
ئاوێنە: لە راگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا ئەوەش هاتوە، لە پارێزگای هەولێر چوار قوتابخانە (٣ قوتابخانەی ١٨ پۆلی و ١ قوتابخانەی ٩ پۆلی) و (١) باخچەی منداڵانی نوێ تەواوبون و دەکەونە بواری خزمەتەوەو قوتابخانەیەکی دیکەی (١٢) پۆلی و قوتابخانەیەکی (٦) پۆلی لەکۆتاییەکانی قۆناغی کارکردنن و تەواو دەبن .
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە پارێزگای سلێمانی یەک (١) قوتابخانەی ١٨ پۆلی و باخچەیەکی منداڵان تەواو بوون و دەکەونە بواری خزمەتەوە .
هەروەها وەزارەتی پەروەردە وتویەتی، لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی (٢) قوتابخانەی ١٨ پۆلی دادەنرێت و لە پارێزگای هەڵەبجەش بەردی بناغەی (١) قوتابخانەی ١٢ پۆلی دادەنرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە پارێزگای هەولێریش بەردی بناغەی (٧) قوتابخانەی نوێ دادەنرێت كە پێكدێن لە (٦) قوتابخانەی ١٨ پۆلی و (١) قوتابخانەی ٩ پۆلی .