خالید شوانی: کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەکەین
  2022-10-30       359       

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کار لەسەر گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەکەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، خالید شوانی، بە فەرمی وەک وەزیری دادی عێراق دەستبەکاربوو، لە کۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەرخستنی پارە یەکێکە لە ئەولەویەتی ئەم کابینەی حکومەت، وەزارەتەکەمان بە جددی کار دەکات، بەرپرسیاریەتی خۆمان وەردەگرین، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەلایەنی یاسایی و دادوەری لە بەرامبەر دادگاکانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پارانەی بردراون یان دزراون".

وتیشی: "کار دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان دابەشبکەین، بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی وەزارەت دەسەڵاتیان هەبێت و کارنامەی حکومەت جێبەجێ بکەین، لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان".

خالید شوانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کابینەی رابردوودا کاری باش لە وەزارەتی دادی عێراق کراوە و ئەوان درێژەپێدەری دەبن و وتی: "خاڵی گرنگی ئێمە بۆ کارکردن لەم وەزارەتە ئەوەیە حکومەتەکە حکومەتێکی خزمەتگوزارییە و پێویستە ئەم وەزارەتە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، خزمەتگوزارییەکانی ئێمە خزمەتگوزاری دادیین، نابێ هاووڵاتییان لەبەردەم وەزارەت بمێننەوە، بەڵکو دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا کاروبارەکانیان رایی بکرێن".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ متمانه‌ی پێدراو رۆژی هه‌ینی 29ی تشرینی یه‌كه‌م، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌كار بوو و له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵاتییان كرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×