پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێك خۆی رادەست كرد كە بەچەقۆ هاوڵاتییەكی كوشتبو
  2022-10-30       405       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو لە بنەسڵاوە كەسێك بە چەقۆ هاوڵاتییەكی كوشتوەو خۆی رادەستی ئاسایشی دەشتی هەولێر كرد.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"دوێنێ شەو ڕێکەوتی (٢٩/٣٠-١٠-٢٠٢٢) کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبونی ڕوداوێکی شەڕکردن لە بنەسڵاوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداو و دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (ع. ع. م.)، تەمەن (٢٥) ساڵ، کە لەسەر کێشەیەک لەگەڵ (ئەحمەد زیاد ئەحمەد) دەبێتە دەمەقاڵیان و شەڕ لەم نێوەندەدا دروست دەبێت. تۆمەتبار (ع) بە چەقۆ لە سنگی ناوبراو دەدات و زامدار دەبێت لەبەر سەختی زامەکەی ناوبراو گیان لەدەست دەدات."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "تۆمەتبار خۆی ڕادەستی ئاسایشی دەشتی هەولێر کرد و دواتر ئاسایشی دەشتی هەولێر ڕادەستی بەشی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێری کرد بۆ ئەوەی ڕێککاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتەبەر."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×