گۆڕان بۆ كونسوڵخانەكانی ئەمریكاو بەریتانیا: پارتی و یەكێتی سەرچاوەی كێشەكانن
  2022-10-30       668       

وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکاو بەریتانیا گفتوگۆ دەکات و دەڵێت، پارتی و یەكێتی سەرچاوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستانن و خراپی پەیوەندییەكانی ئەو دو حزبە كاریگەری لەسەر دۆخی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دروستكردوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ یەكشەممە، دلێر عەبدلوخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان و شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەکە لەگەڵ جۆشوا لویس، بەرپرسی مەلەفی سیاسیی کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا و جەیمس ئۆتس، بەرپرسی مەلەفی سیاسیی کۆنسوڵخانەی گشتی بەریتانیا کۆبونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە کۆبونەوەکاناندا، روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرس و مەلەفە سیاسیی و ئیداریی و ئەمنی و کەیسەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خرانەڕو، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان کرا، بەتایبەت کە "هەردو حیزب سەرچاوەی کێشەکانن و خراپی پەیوەندییان کاریگەری لەسەر دۆخی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دروستکردوە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە کۆبونەوەکاندا؛ باس لە ئازادییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئاستەنگەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی کرا و شاندى گۆڕان، جەختیان لەسەر داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەوانی و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان کردوەتەوە."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "نوێنەری هەردو کۆنسوڵخانە رایانگەیاندوە، بەپەرۆشەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و پشتگیری لە ئازادییە گشتی و مەدەنییەکان دەکەن و ڕەخنە لە زۆربونی حاڵەتی پێشێلکارییەکانیان دەگرن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×