پەرلەمانتارێکی پارتی دوایین زانیاریی لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ژینگەو ئاوەدانکردنەوە ئاشكرا ده‌كات
  2022-10-31       595       


پەرلەمانتارێکی پارتی لەپه‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکرد، لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا پۆستی هەردوو وەزارەتی ژینگەو ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی عێراق یەکلاییدەکرێنەوە کە یەکێتی‌و پارتی ناکۆکیان لەسەریان هەیە.

وەفا عەبدولکەریم پەڕلەمانتاری پارتی لەبه‌غدا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی یەکلایی بۆتەوە، بەڵام لەسەر وەزارەتی ژینگە پارتی‌و یەکێتیی ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە.

ده‌شڵێت:"لەبارەی پۆستی وەزارەتی ژینگە چەند بۆچونێکی سیاسیی جیاواز هەیە، وەک ئەوەی بۆچونێکیان دەڵێت ئەو پۆستە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پشکی پارتییە، ڕایەکی تریشیان دەڵێت لەبەرئەوەی لەتیف ڕەشیدی سەرۆک کۆماری عێراق لەبنەڕەتەوە بەربژێری یەکێتیی نەبوە، بۆیە ئەو حزبە مافی خۆیەتی دوو وەزارەت لەبەغدا وەربگرێت.

بەوتەی پەڕلەمانتارەکەی پارتی، "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستەکە یەکلایی دەکاتەوە".

ڕۆژی 27ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بەئامادەبونى 253 پەرلەمانتار کۆبۆوە دەنگی بە21 وەزارەتی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانیدا، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی‌و پارتی دواخرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×