ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران داوا لە زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهان دەكات، پاڵپشتی خوێندکارانی ئێران بکەن
  2022-10-31       197       


بەهۆی زیادبوونی هێرش و گوشارەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەر زانکۆ پەیمانگاکان  ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، داوا لە زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهان دەكات، پاڵپشتی لە زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندنی ئێران بكەن.

ئاوێنه‌: ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانەكردنی هێرش بۆ سەر زانكۆكان، ئاماژەی بەوەكردووە، چەندین بەڵگەیان دەستكەوتووە، كە دەیسەلمێنێت، جگە لە یەكەكانی تایبەت بە سەركوتكردنی خوپیشاندەران، هێزێكیش، بە جل و بەرگی ئاسایی كە هەندێكیان چەكیان پێبووە، توندوتیژیان بەرامبەر بە خوێندكاران ئەنجامداوە و هەندێك لەو خوێندكارانەیان ڕفاندووە.

ڕێكخراوەكە هەروەها، داوای لە زانكۆكان و ناوەندە زانستییەكانی جیهان كردووە، پشتیوانی لە داخوازییەكانی خوێندكارانی ئێران بكەن و كاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشی بەرفراوانی هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر حەرەمی زانكۆكان هەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە پێی دوایین ئاماری ڕێكخراوەكە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لانیكەم ٢٥٣ كەس، كە ٣٤ كەسیان منداڵن بە هۆی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات، گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×