سەرۆكی هەرێم لێخۆشبونی بۆ هەزارو 659 كەس دەركرد
  2022-10-31       528       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبونی بۆ هەزارو 659 کەس دەرکرد کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و زۆربەیان پێشتر فەرمانبەری حکومەت بون.

ئاوێنە: دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە روداوی راگەیاند، ئەو کەسانە "تاوانیان نەکردوە و مەترسی نین بۆسەر کۆمەڵگە."

دڵشاد شەهاب وتوشیەتی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەدواداچونیان کردوە "بۆ ئەو ژمارەی زۆرەی کە زۆرجار باس دەکرێت لەوەی خەڵکی هەڵهاتو لە دادگا هەیە واتە ژمارەیەک هەیە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە سێ هەزار کەس داواکراون لە دادگا، بەڵام نەچونەتە بەردەم دادگا یان پۆلیس دەستگیری نەکردون یان رێکاریی یاساییان لەگەڵدا نەکراوە، ئەمە ئەوە پیشاندەدات کە کۆمەڵێک تۆمەتبار هەن، ئێستا لەدەرەوە، بەڵام دەستگیر ناکرێن."

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕو، دەکرێت لەنێو ئەو کەسانەی کە لێخۆشبونەکە دەیانگرێتەوە کەسانێک هەبن کە لە ساڵی 2000وە ئەو حوکمەیان لەسەر بێت، بە هەر هۆکارێک بێت دەستی لەکارەکەی هەڵگرتوە، بەڵام رێکارەکانی تەواو نەکردوە بۆ ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت و رێکارەکان تەواو بکرێن.

دڵشاد شەهاب بڕگەکانی فەرمانەکەی رونکردونەتەوە و وتویەتی، ئەگەر کەسێک جگە لەم حوکمی "غیاب"ە تاوانێکی دیکەی لەسەر بێت یان موڵکی دەوڵەتی لابێت بابەتێکی دیکەیە.

 جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم کەسانە تاوانبارێک نین کە تاوانیان دژی مافی گشتی یان مافی تایبەتی کردبێت. سەرپێچییەکی ئیدارییان کردوە ئەگەرنا هیچ مەترسییەک لەسەر کۆمەڵگە دروستناکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×