ئاسۆ مامەند: یەكێتی رازی نابێت بەو حوكمڕانییەی ئێستای كوردستان
  2022-10-31       775       

ئاسۆ مامەند، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، حزبەكەی دەستكراوەیەو رێگەنادات بەرژەوەندی تەسك زاڵبكرێت و رازی نابێت بەو حوكمڕانییەی ئێستای كوردستان و دەشڵێت، یەكێتی لەمەودوا ئەو دۆخە قبوڵناكات و بۆ هەر ئەگەرێكیش ئامادەیە.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە تیمی وتوێژكاری یەكێتی بەسەرۆكایەتی ئاسۆ مامەند لەگەڵ مەكتەبی راگەیاندنی حزبەكەیان كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، ئاسۆ مامه‌ند رایگەیاندوە"یه‌كێتی رازی نابێت بەو حوکمڕانیەی ئێستای کوردستان، له‌كاتێكدا حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ به‌پێی هه‌ڵبژاردن و به‌شداری هه‌موانه‌."

هەروەها وتوشیەتی"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەر لە هێزە سیاسیەكانی دیكە خودی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پارتی لە نیگەرانییەكانی ئاگاداركردوەتەوە سەبارەت بەشێوازی چەوتی حوكمڕانی."

ئاسۆ مامەند وتوشیەتی"یەكێتی لەبەر بەرپرسیارێتی سیاسی و هەڵسەنگاندنی قۆناغەكان دانی بەخۆیدا گرتوەو لەبەرامبەر سیاسەتی  خۆسەپێنیدا، بەڵام لەمەودوا ئەو دۆخە قبوڵناكات و بۆ هەر ئەگەرێكیش ئامادەیە و ئۆباڵی پێشهات و لێكەوتەكانی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆ ناگرێت."

سەرۆكی تیمی وتوێژكاری یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەوەشی وتوە"یەكێتی دەستكراوەیەو رێگەش نادات بەرژەوەندی تەسك زاڵبكرێت و بەژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەناوی جێبەجێكردنی یاساوە  بكرێتە خزمەتی كەسی و ویستی حزبییەوە وەك ئەوەی بە لایەنەكانیان وتوە، لە كاتێكدا چەندین كەیسی یاسا شكێنیان پشتگوێ خستوەو تاوانباری چەندین ناوچەی تریان لای خۆیان داڵدە داوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریداوە بەرەیەكی بەهێز لەهەرێمی كوردستان دروستبكات و رێڕەوی بڕیاردان راستبكاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×