پارتى بۆ یه‌كێتى: ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەهەولێر قبوڵکراو نییە
  2022-11-01       937       

تیمى وزارى پارتى‌و یه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌و وه‌زیرێكى پارتیش ئاشكرایده‌كات، دواى كۆتاییهاتنى كۆنگره‌ى 14ى پارتى، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان‌و به‌تایبه‌ت یه‌كیتى كۆده‌بنه‌وه‌، "ده‌شڵێت:"ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەهەولێرو کوردستان قبوڵکراونییە، بۆیە ئاسایش‌و سەقامگیریی بەلای حکومەتی هەرێمه‌وه‌ هێڵی سورەو نابێت هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کردەوانە ببات".

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ى وته‌ى پشتیوان سادق سەرۆکی تیمى وزاری پارتی لەحکومەتی هەرێم بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، تیمى وزارى پارتى‌و یه‌كێتى کۆدەبنەوەو نیگەرانییەکانی ئەمدواییەی هەردولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە دەکرێت.

پشتیوان سادق به‌میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى ڕاگه‌یاند، "دوای تەواوبونی کۆنگرەی 14ی پارتی، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەو لەوانەش یەکێتی کۆدەبینەوە".

به‌وته‌ى ئه‌و حزبانه‌ى سه‌ره‌تا یه‌كێتى‌و دواتریش پارتى سه‌ردانیان كردون، کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەم لەشاری هەولێرو داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین‌و گەرمیان، دوو پرسن کە یەکێتی لێی نیگەرانەو ئەو نیگەرانییەی بەلایەنەکانی دیکەش ڕاگەیاندوە، له‌به‌رامبه‌ریشدا پارتى له‌سه‌ر هه‌مان پرس گله‌یی له‌یه‌كێتى كردوه‌و ڕونكردنه‌وه‌ى خۆى به‌لایه‌نه‌كان داوه‌.

به‌هۆى كۆنگره‌ى 14ى حزبه‌كه‌یان، تیمى پارتى سه‌ردانى بۆلاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕاگرتوه‌، بەڵام دوای کۆنگرە دەست بەسەردان‌و کۆبونەوەكانیان دەکەنەوە.

پشتیوان سادق لەگەڵ ئاماژەدان بەتیرۆرکردنی هاوکار عەبدوڵڵا جاف ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لەهەولێرو کوردستان قبوڵکراو نییە، بۆیە ئاسایش‌و سەقامگیریی بەلای حکومەتی هەرێمه‌وه‌ هێڵی سورەو نابێت هیچ کەسێک پەنا بۆ ئەو جۆرە کردەوانە ببات".

پشتیوان سادق وتویه‌تى:"لەگەڵ دوپاتکردنەوەی هەماهەنگی‌و تەبایی‌و برایەتی لەنێو تیمی ئەنجومەنی وەزیراندا، حکومەتی هەرێم‌و خودى سەرۆک وەزیران بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەو شارەکانی کوردستان دەکات، هەربۆیە پێویستە بەهەمانشێوەش ئاگاداری داهات‌و خەرجیی هەموو پارێزگاکان بێت".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×