هاوسەرۆکی کۆدار: ئامادەین هاوکاریی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بکەین بۆ ئەوەی یەکڕیزبین
  2022-11-01       386       

لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا هاوسەرۆکی کۆدار داوا لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، “لەم کاتە سەختەدا بەیەکەوەبین و هاوکاریی یەکتر بکەین”، ئامادەیی خۆشیان بۆ “هاوکاریکردنی لایەنەکانی دیکە دەردەبڕێت و دەڵێت “ئامادەین لەو بوارانەدا هاوکاریی لایەنەکانی دیکە بکەین، کە هێزیان وەک پێویست نییە”، داواش لە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، “ڕێگەنەدەن کەس شۆڕشەکە بدزێت”.

ئاوێنە:  بێریتان، هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت: ساڵەهای ساڵە گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست دەسەڵاتێکی ئاینییەوە ئازار دەکێشێت و دەناڵێنێت، ئێستا چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسک! گەل ڕاپەڕیوە و مافەکانی خۆیان دەوێت، ڕاپەڕینی ئەمجارە زۆر جیاوازە و لە ئاستێکی گەورەدایە، ئەو ئاستەی ئەم ڕاپەڕینە پێی گەیشتووە، پارادایمی ڕژێمی ڕووخاند و تێکیشکاند، کۆتایی ڕاپەڕینەکان هەرچییەک بێت، ئیتر ئێران ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، هیچ چارەیەکیش نەماوە، ئەو ڕژێمە تێکدەشکێت و سیستمێکی نوێ دروستدەبێت.

لەبارەی دروشمی خۆپیشاندانەکانیشەوە دەڵێت:”دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ وای کردووە سنوورەکان نەتوانن خۆیان بەرامبە بە بای ئەم شۆڕشە ڕابگرن، وەک شۆڕشگێڕانی پێشوو دەیانوت ‘شۆڕش لە بازنەی لاوازەوە سەرهەڵدەدات’، ئێستا ئەوە ڕوویداوە. ناکۆکی و لاوازیی وڵاتانی ملهوڕ و دەسپۆت لە ناوچەکەدا بابەتی ‘ژن’ بوو، کە ئیدی ئێستا تەقیوەتەوە، ئەوە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت، بە دڵنیاییەوە شەپۆلی شۆڕشی ژنان بەتەنیا بە ئێرانەوە سنووردار نابێت”.

هاوسەرۆکی کۆدار تیشکی خستەسەر جاڕنامەی چارەسەریی و بەرەوپێشچوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وتی:”ئەوەی ئێمە ڕامانگەیاند، بەیاننامە نەبوو، جاڕنامە بوو، ئێمە ئەو بنەمایانەمان خستەڕوو، کە بە بڕای ئێمە دەبێت شۆڕش لەسەر ئەو بنەمایانە پێبکبێت و بەڕێوەبچێت، ئێمە گفتوگۆ و شیکاریش بۆ جاڕنامەکە دەکەین، ئێمە لە چوارچێوەی بیروباوەڕ و پارادایمی خۆماندا ئەو خاڵەمان دەستنیشانکردووە، کە دەبێت ببنە بنەمای کارکردن لە شۆڕشدا”.

لەبارەی بنەماکانی ئەوانیش بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فوئاد بێریتان دەڵێت:”ئەو خاڵانەی بڕوامان پێیان هەیە بریتین لە؛ فرەڕەنگیی، دیموکراسیی، ئازادیی، خۆبەڕێوەبەریی و ژینگەپارێزیی، ئێمە هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە دەکەین، بەڵام بەپێویستمان زانی، کە سەرلەنوێ و بۆ جارێکیتریش باسیان بکەینەوە و دەستنیشانیان بکەین و ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین هاوپەیمانی پێکبهێنین، ئەو خاڵانە دەتوانن ئازادیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان مسۆگەر بکەن، بەڕێوەبەریی باش دابمەزرێنن و شایستەی مرۆڤایەتی بن”.

لەبارەی پێشنیازی خۆیان بۆ ناساندنی ئاڵای کۆماری کوردستان وەک سیمبولی هاوبەش، هاوسەرۆکی کۆدار دەڵێت:”ئامانجمان لەو پێشنیازە ئەوە بوو، کە جیاوازیی ڕۆژهەڵات نیشان بدەین، هەندێک هێز ئاڵای باشووری کوردستانیان هەڵگرتبوو، کە دەبووەهۆی ناکۆکیی لەگەڵ هێزەکانی ئێران، ئەو هێزانە هەڵکردنی ئاڵای باشووری کوردستانیان بە جیابوونەوە دەزانی، هەڵکردنی ئاڵای هەرێمێکی فیدراڵی وڵاتێک (واتە عێراق) لە وڵاتێکی تردا دروست نییە، لەبەر ئەوە ئێمە ئەو پێشنیارەمان کرد، ئێمە ئاڵایەکمان هەڵبژارد، کە قبوڵکردنی بۆ هەندێک هێزی تر ئاسان بێت، باوەڕمان وایە، کە ئەوە بۆ خێر و قازانجی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت “.

داواش لە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت:”مەهێڵن هێزە سەرکوتکار و دواکەوتووەکان شۆڕشەکە بدزن، دەبێت پارێزگاریی لە پێشەنگایەتیی ژنان بکرێت، دەبێت مافی گەلان بەڕوونی باسی لێبکرێت، دەبێت هەموومان هەوڵ بدەین کە دەوڵەتێکی ناناوەندی لە ئێران بێتە سەرکار”.

داواش لە هێزە کوردییەکان دەکات، “لەڕووی ڕێکخستن، دیپلۆماسیی و پاراستنەوە هاوکاری یەک بکەین و هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان دەستەبەر بکەین، ئێمە ئامادەین کە لە هەندێک بواردا کە هێزی هەندێک حزب و لایەن وەک پێویست نییە هاوکاریی ئەوانیش بکەین، کاتەکانی شۆرش کاتی سەختن و دەمانەوێت لەمکاتە سەختەدا پێکەوەبین و هاوکاریی یەکتربکەین، دەبێت بەگوێرەی ڕاستییەکان بجوڵێینەوە، ئێمە داوا دەکەین کە بەبێ دوودڵی لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و کۆنفێدڕاڵدا لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان دابنیشین”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×