یوسف محەمەد: هەڵوێستی دروست دەسلەكاركێشانەوەیە لە ئەندامێتی پەرلەمان
  2022-11-01       289       

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەڵوێستی گونجاوو دروست لەگەڵ دۆخی پەرلەمانی کوردستان دوای تەواوبونی ماوە یاساییەکەی، دەستکێشانەوەیە لە ئەندامێتی و کشانەوەیە لێی. بەپێویستیشی دەزانێت "ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم رژێمەی هەرێم ئەزانن، دوربکەونەوە لە موزایەدە کردن بەسەر یەکەوە و، واز بێنن لە دروستکردنی شەڕی راگەیاندنی لابەلا."

ئاوێنە: یوسف محەمەد، ئەمڕۆ سێشەممە، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"بە بڕوای ئێمە هەڵوێستی گونجاو و دروست لەگەڵ دۆخی پەرلەمانی کوردستان دوای تەواوبونی ماوە یاساییەکەی لە کۆتایی رۆژی ٥- ١١- ٢٢، دەستکێشانەوەیە لە ئەندامێتی و کشانەوەیە لێی بێ گوێدانە ئەوەی کێ جێگا پڕ ئەکاتەوە یان دوای ئەوە چی لە پەرلەمان ئەگوزەرێ."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە بنەڕەتدا بەداخەوە ئێستا پەرلەمانی کوردستان کراوەتە دەزگایەکی ژێر فەرمان (تحت الطلب)و کەی بیانەوێ کۆی ئەکەنەوەو چییان بوێ، بەو زۆرینە ساختەیەی هەیانە، تێیئەپەڕێنن، هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن کە ئێستا کاتی باس کردنیان نییە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "کاتیەتی هەمو هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازە راستەقینەکانی هەرێم، دابڕانێکی تەواو دروست بکەن لەگەڵ رژێمی حوکمڕانیی ئێستای هەرێم و، چیی تر رێنەدەن وەک کۆمبارسی شانۆگەرییەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ کە دەرهێنەرەکەی خێزانە باڵا دەست و دەسەڵاتدارەکانی هەرێمن."

یوسف محەمەد وتوشیەتی"پێویستە هەموان پێداگر بین لەوەی ئەو رژێمە رتوشکراوەی ئێستای هەرێم چیتر تەماهیی لەگەڵ ناکرێ و، تەنها بەمەرجی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری بە سەرپەرشتی و چاودێریی نێودەوڵەتی و، دور لە دەستێوەردانی چەکداری و، بە رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموان ئەتوانرێ شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم بگەڕێنرێتەوە."

هەروەها بە پێویستیشی زانیوە "ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم رژێمەی هەرێم ئەزانن، دوربکەونەوە لە موزایەدە کردن بەسەر یەکەوە و، واز بێنن لە دروستکردنی شەڕی راگەیاندنی لابەلا."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەوەی لەچەند رۆژی رابردو رویدا لە شەڕی نێوان بەشێک لەوانەی رایانگەیاندوە کە بایکۆتی پەرلەمان ئەکەن و ئەوانەی لەوانەیە بە نیازی مانەوە بن تیایدا و، دواتریش راکێشانی پرسی تەندروستیی برای بەڕێز دکتۆر کازم فاروق بۆ ناو ئەم شەڕە، کارێکی ئێجگار نادروست بو و هەموان پێی بریندار بوین."

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×