جەعفەر ئێمینكی: گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پەیوەستن بە هەندێك دۆسیەی ئەمنی
  2022-11-01       685       

جەعفەر ئێمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، رایگەیاند، ئەو گرژییانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و یەكێتیدا هەن پەیوەستن بە هەندێك دۆسیەی ئەمنی، بەڵام نابێت لایەنە سیاسیەكان ببنە بەشێك لە دۆسییە ئەمنییەكان.

ئاوێنە: جەعفەر ئێمینكی، ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە روداوی راگەیاند"من ناڵێم هەمو خەتاكە هی یەكێتییە. بەڵام دەڵێم بێسەروبەرییەک هەیە لە پەیوەندییەکان، ئەو بێسەروبەرییەش بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تیمەی هەڤاڵانی یەكێتی کە ئیدارەی پەیوەندییەکان دەدەن، چونکە ناکرێت هەمو پەیوەندییە حزبییەكان ببەسرێنەوە بە ئەدای حكومەت و كابینەی حكومەت، حكومەت کارى خۆى دەکات، ئێمە دەبێت پاڵپشتییان بین."

ئەوەشی خستەڕو"ئەو گرژییەی لەم دواییە كەوتە پەیوەندییەكان، پەیوەستە بە هەندێك دۆسیەی ئەمنی، ئەوە ئیشی ئێمە نییە وەك لایەنە سیاسییەكان بچین ببینە بەشێك لە دۆسیە ئەمنییەكان، ئەوە كاری دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئومێدەوارم ئەمە بە شێوازە سروشتیی یاساییەكەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت."

وتیشی"لە هەركوێ كردەوەیەكی تیرۆری بكرێت و لەدژی دامودەزگاكانی حكومەت بێت. ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان دەبێت هاوكاری دامودەزگاكانی حكومەت بین."

ئەوەشی وت"كادری ئێمە لە چەمچەماڵ شەهیدكراوە، ئێمە داوای لێكۆڵینەوەمان كردوە، ئەوەمان گرێنەداوەتەوە بە پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتییەوە."

ئاماژەی بەوەشدا "لەم دۆسیەی لە هەولێر رویدا ئومێدەوارم برادەرانی یەكێتی هاوكاری جددی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بن، چونكە ئەمە روداوێكی زۆر گەورەیەو لەناو جەرگەی پایتەختی هەرێم بە تی ئێن تی خەڵك تیرۆر كراوە كە خەڵكی مەدەنیشی لەگەڵ بوە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد"ئێمە وەكو پارتی نیگەرانین لەوەی پەیوەندییەكان تێكبچن...نابێت یەکێتى لەبەهانە بگەڕێت بۆ ئەوەى باسى کشانەوە لە حکومەت و دو ئیدارەیی بکات، ئەم مەسەلانە لەو ئاستەدا نین ئەگەر بمانەوێت پەیوەندییەکان بەرەو باشتر ببەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×