سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری بەنزینخانەکانی سنووری شارەوانییەکەیان دەکاتەوە کە قەرزیان لایە قەرزەکانیان پاکتاو بکەن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، “ئاگاداری سەرجەم ئەو بەنزینخانانەی سنوری شارەوانیی سلێمانی دەکەینەوە کە قەرزاری شارەوانیمانن، داوایان لێ دەکەین بە زووترین کات سەردانی سەرۆکایەتیمان-ھۆبەی بەکرێدان بکەن بە مەبەستی پاکتاوکردنی بڕی ئەو قەرزانەی لە ئەستۆیاندایە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دادەخرێت.
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، “شوێن هەیە 15 جار بە نووسراو ئاگادارکراوەتەوە و پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە، ئەو هەنگاوەش لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و زیادکردنی داهاتدایە.
پێشتر لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تۆڕی میدیایی ئێستادا ڕایگەیاند، بەنزینخانە هەیە زیاتر لە دوو ملیار دینار قەرزارە و نەیگەڕاندووەتەوە دوای یانزە جار ئاگادارکردنەوە، کە ئەگەر ئەو پارانە بگەڕێنرێتەوە بەڕێژەی 15% بۆ خزمەتگوزاریی گشتی بەکاردەهێنرێت.