نێچیرڤان بارزانی: حكومەتەكەی سودانی بە دوایین هەل دەزانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا
  2022-11-02       498       

نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت." لەبارەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق وتی، "شایستەی ئەوەیە کە پشتگیری بکرێت" و حكومەتەكەشی بە دوایین هەل دەزانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری، لەبارەی زۆنی سەوز و زەردەوە وتی، "نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت، من زۆر دژی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەم."

لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی وتی، ئەگەر "دۆخی ئەمنیی عێراق تێکبچێت، هەرێمی کوردستانیش تێکدەچێت" وتیشی، "هیوادارم عێراق و هەرێمی کوردستان توانیبێتمان وانە لە رابردو وەربگرین."

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2004ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، "هیچ دەقێکی نوسراو لەنێوانمان نەبوە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە."

وتیشى"محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق پشتیوانى هەمو لایەنەکانى شیعەو کوردو سوننەى هەیە، بۆیە حکومەتەکەى زۆر جیاوازە."

وتیشى "ئەم سەرۆک وەزیرانە ناتوانێت سبەینێ هەر بڕیارێک بدات و لایەنەکان بڵێن پشتیوانى ناکەین". 

نێچیرڤان بارزانى وتیشی"لەبەرئەوە چاوەڕوانى ئێمە بۆ چارەسەرى کێشەکان لە سودانى زۆر زۆر زیاترە، ئەم حکومەتە بەیەکێک لە دوایین هەلەکان دەزانین بۆ چارەسەرى کێشەکانى هەرێم و بەغدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×