مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەتوندی وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەداتەوە
  2022-11-02       862       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی و لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەدات، "گرژی نێوان باڵەکانی پارتی وا زەقەکە کە ئێستا بۆتە مەترسی"، "لەم دۆخەدا هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشکراكانییەتی" و "هەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ركێفی وەهمی حزبی قائیدەوە بەدوژمنیان زانیوە" و دەشڵێت، "ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بکەین ئەوا پەرێزی مێژویی پارتی قەت پاک نابێتەوەو تاوانەکان لە ژماردن نایەن."

ئاوێنە: دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رونكردنەوەیەکی چەواشەکارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی داوەتەوەو زۆر بە پەلەپروزێ كەوتۆتە شێواندنی زەقی راستییەكان و تێكەڵكردنی کاغەزەکان بە جۆرێ نەك هەر هاوڵاتیانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن.

لە رونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەراوێزخستنی حزبیی دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتیی بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە سەرکردەو تێكۆشەرو خەباتگێرەكانی پێشڕەوو سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیەكەیاندا.

رونكردنەوەکە تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بکەن. ڕاستێکەی ئەوەیە کە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پر خەوشەی دەنگدەران، بەبێ‌ هەمواركردنەوەیەکی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەکی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنهاو تەنها لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشکرا و چەندبارەبوەکانیدایە.

 ئاخر هەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانکاری سیاسیی و دیموکراسی ڕاستەقینە دەکرێت. کە ئەو ئامانجانە بەدینەهێنێت، ئەوا وەک تەسدیقکرنی بەرنامە تەزویرەکەیانە کە ئێستا بۆتە فەرهەنگێک نەک لە دژی فرەحزبی کوردستان، بەڵکو لە دژی خودی کۆنگرەی پارتی و ئەندامەکانیشی تەشەنەی سەندوە.

بەشێکی بەلاغەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئایندەی هەرێم هەڵدەرێژێ و لە بیری دەباتەوە کە ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادەبوە و ئامادەیە هەمو هەرێم و ئەزمونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ئیمارەتێكی بەرتەسک بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ‌ بە ناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی کوردستانییەوە، پیلان و کەینوبەینە ئیقلیمییەکانیان شاهیدی ئەوەن و لە هەر تەنگژەیەکی سیاسیشدا ویستی هەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی هەمیشە بەشێک بوە لە پەیامی ئاشکراو نهێنییان.

ئەم ڕاستییە ئاشکرایانە بەدەلەسەی گوایە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی داناپۆشرێت، چونکە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەکانی وا زەقەکە کە ئێستا بۆتە مەترسی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ کوردستانی دروستکردوە.

رونکردنەوەی بوختانئامێزی مەکتەبی سیاسیی پارتی باس لە ترسی دۆرانی هەڵبژاردن دەكات كە پارتی دەمێكە بەهای دیموکراسی لە هەڵبژاردنەکان دۆراندوەو ئەوە تەنها تەزویرو چاوسوركردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوکمڕانیدا هێشتۆتەوە. هەروەها ئەوە پارتییە دو چەمكی (مونافەسەو دوژمنایەتی) تێكەڵ كردوە، چونکە هەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ركێفی وەهمی حزبی قائیدەوەو مل بۆ خۆسەپاندنەکەیان نەدات بەدوژمنیان زانیوە و بە داتاشینی سیناریۆی دەستكردی موخابەراتی و تەشهیری میدیایی تەخوینی دەکەن.

مەکتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێ: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای كەسی دیكەو گلەیی بكەین) ئەمەش هەمان فەرهەنگی عینادی و حیساب نەکردنە کە راوێژو بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان هێزەکانی کوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەکێتی کە بۆ هەر هەنگاوێک بڕوای بە تەگبیرو راوێژ هەبوەو خۆی بەدورگرتوە لە تاكڕەوی و خۆسەپێنی. راوێژی یەکێتی لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەزمونی کوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبوە لەگەڵ پارتیدا، بەڵكو بۆ خستنەڕوی نیگەرانییەکانی هەموان بوە لە ئەدای خراپی حوكمڕانی و تاكڕەوی پارتی تا هەمو لایەک لە هەر هەڵوێستێكی یەكێتیی ئاگاداربن، ئەگەر کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەكانی وەفدی یەكێتیی، تەنگەتاو بون و گوایە (وەفدی حكومیان) پێكهێناو لە دەرگای لایەنەكانیان دا؟.

بوختاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باس لە كەیسی تیرۆركردنی شەهید (هاوكار جاف) دەكات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری کردەوەکە بون ئەی بۆچی هەوڵتان نەدا رێی لێ بگرن و فرمێسک و خوێنێک بۆ گەلەکەمان بگێڕنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن كە رەنگە هەر خۆتان  و كەسانی راكردو لە یاسا کە داڵدەتان داون، بەرپرسن لەو روداوە؟، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بکەین ئەوا پەرێزی مێژویی پارتی قەت پاک نابێتەوەو تاوانەکان لە ژماردن نایەن، کە تازەترینییان شەهیدكردنی كارمەندێكی ئاسایش بو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر كەسانی تر لەسنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە كران و تاوانبارەكانتان لای خۆتان گلداوەتەوەو موعەزەز موکەرەمن لە پایتەخت دەژین.

رونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت دوای داواکردنی چەند کەسێک لە لایەن دادگاوە گوایە هێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی دەستی پێکردوە لەکاتێکدا قەرار بو لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لە هەر کەیسێکی گوماناوی بکەن نەک هەر خۆیان ئیستفراد بە دادگا و لێکۆڵینەوە بکەن و سیناریۆ دابتاشن و مۆری دادگای لێبدەن.

 دوا قسەمان دەڵێین، لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بوە كە هەمیشە نەرمی نواندوەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبوین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری کوردستان) كە تا ئێستا سنورێكی دروستكراوی هەڵبەستنی رق و كینەی ناختانە.

هیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری، بوغزو كینە، واهیمەی (حزبی قائید)و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە کۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێکی نوێی کوردانەو دەربەستی سیاسی بگرنەبەرو بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن کە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێڕێتەوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

2-11-2022

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×