وەڵامێکى دیکە لە پارتییەوە بۆ یەکێتى: پێکەنینمان دێت
  2022-11-03       825       

وتەبێژى پارتى رایگەیاند، زۆربەى کادیرانى حزبەکەى "پێکەنینیان" بە وەڵامەکەى یەکێتى دێت بۆ حزبەکەیان لەبارەى قسەکانى شێخ جەعفەر مستەفاوە کە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە. 

ئاوێنە: مەحمود محەمەد لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ "رووداو" وتى "هەستمان کرد خەریەکە پشودرێژى ئێمە بەشێوەیەکى تر لێکدەدرێتەوە، دەبوایە یەکێتى بەشى ئەوەى بهێشتایەتەوە کە ئێمە شەریکین لەم وڵاتە".  

وتیشى "ئەوان حزبى خۆیان چۆن بەرێوەدەبەن ئێمە دەستوەردانى تێدا ناکەین، بۆیە زۆربەى کادیرانى پارتى پێکەنینیان بە وەڵامەکەى یەکێتى دێت کە باسى سەرعیەتى کۆنگرەى کردبوو، چونکە تا ئەو کاتەى سەرکردایەتى تازە هەڵدەبژێردرێت سەرکردایەتى پارتى شەرعیەتى کۆنگرەى هەیە".  

"یەکێتى پێیوایە شەراکەت هەر 50 بە 50 یە، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو قۆناغە تێپەڕى کە یەکێتى دەڵێت یەک کورسیم یان 100 کورسی هەبێت ئەوان هەر نیوەى دەسەڵاتیان دەوێت".  

مەحمود محەمەد رونیکردەوە "ئێمە 45 کورسیمان هەیە بەرانبەر 21 کورسی یەکێتى، ئەوان ئەنجامى هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە، ئەمەش تازە نییە ئەوان لەساڵى 1991 یش ئەنجامى 51-49 یان قبوڵنەکرد".  

دەشلێت "ئێستاش هەروایە ئەوان پێیان وایە هەڵبژاردن بکرێت یان نیوەى دەسەڵاتیان دەوێت، بەڵام ئەوە هەڵەیە چونکە هەڵبژاردن کراوە".  

لەدواى قسەکانى شێخ جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم و ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى (1-11-2022) کە تێیدا رایگەیاند دۆخى پارتى و یەکێتى گەیشتووەتە لێکترازان و رەخنەى توندى ئاڕاستەى پارتى کرد، پارتى و یەکێتى چەند جارێک بە توندى وەڵامى یەکتریان داوەتەوە.  

مەکتەبى سیاسی پارتى (2-11-2022) لەراگەیەنراوێکدا، شێخ جەعفەر و بەرپرسانى یەکێتى تۆمەتبارکرد بەوەى كە دەیانەوێت "سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا".   

لەبەرانبەردا مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە وەڵامێکدا بۆ مەکتەبى سیاسی پارتى جەختیکردەوە،  "لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، یەكێتیی بووە هەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە".      

هاوکات بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى (2-11-2022) لە راگەیەنراوێکى کورتدا وتى "شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن، قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی ئەبێت!".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×