یەكێتی بۆ پارتی: ئەوەی ئێستا هەیە فیفتی فیفتی نییە، 75 بۆ پارتی و ئەوی تر بۆ هاوبەشەكان ماوەتەوە
  2022-11-03       888       

میدیای رەسمی یەكێتی لەوەڵامی وتەبێژی پارتیدا كە وتبوی، "سەردەمی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ یەكێتی تێپەڕی"، دەڵێت، كەس داوای پەنجا بە پەنجا ناكات، "ئەوەی ئێستا هەیە فیفتی فیفتی نییە، 75 بۆ پارتی و ئەوی تر بۆ هاوبەشەكان ماوەتەوە."

ئاوێنە: میدیای رەسمی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەڵامێكی توندی ئەو لێدوانەی وتەبێژی پارتی داوەتەوە كە وتبوی"سەردەمی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ یەكێتی تێپەڕی."

میدیای رەسمی یەكێتی وتویەتی"كێ و كەی و لە كوێ داوای گەڕانەوە بۆ زەمانی پەنجا بە پەنجا كراوە؟ لە بنچینەدا پەنجا بە پەنجا دەربڕینی ئێمە نییە. دەربڕینی پارتییەكی ترە، كاتی خۆی لە تاو هەژمونی پارتی لە بادینان وتبوی: ئەمە فیفتی بە فیفتی یە."

میدیای یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"راستێكەی لەهیچ زەمانێكدا فیفتی فیفتی جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو باشترین گوزارشت ئەوەیە كە ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی (لەبەر بەرژەوەندی گشتی، لە زۆر مافی خۆمان خۆش بوین)."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەسڵەن ئەوەی ئێستا هەیە فیفتی فیفتی نییە، حەفتاوپێنج بۆ پارتی و ئەوی تر بۆ هاوبەشەكان ماوەتەوە كە ناونیشانە داتاشراوەكانی (یاریدەدەر) و دامەزراوەی هاوشان  خەریكە لە مانای خۆی بەتاڵی دەكاتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "كەس پەنجا بە پەنجای نەویستوە، بەشی پارتی، جا بە تەزویر یان بە تۆپزی، یان بە دزینی كۆتا بێت، لە پەنجا تێیپەڕاندوە."

ئەوەشی وتوە"كەس داوای پەنجا بە پەنجا ناكات، مەگەر پارتی نەبێ، چونكە كە لێی دەقەومێ نەغمەی دو ئیدارەیی و دو زۆنی لێ دەدا و كە زاڵ دەبێ ئیتر ئیستفراد دەكات و گەرەكێتی لەگەڵ هەر هێزێك بەجیا كەینو بەینی هەبێ."

میدیای یەكێتی وتوشیەتی"كەس پەنجا بە پەنجای نەخواستوە، پێمان وایە ئەوە (دەنگ) و ژمارەی كورسی دیاری دەكاو كەسیش خێری بەكەس نەكردوە لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی پرۆسەی سیاسی كوردستانی شێواندوە ئەوەیە پارتی تاكڕەوی و خۆسەپێنی دەكات. ئەوە یەكێتییە دەڵێ پۆست و كورسی بە ئیستحقاقی (دەنگ)ی هەڵبژاردن بێ و (سەنگی) هاوبەشێتی ژینگەی پرۆسەی سیاسی پاك و خاوێن ڕادەگرێت."

هەروەها ئەوەشی وتوە"كەس داوای پەنجا بە پەنجای نەكردوە، چونكە ئەوەی هەیە حەفتاو پێنجی زۆرینەی ڕەهایە كە كارێكی ناڕەوایە. هەمو هێزە سیاسییەكانیش، نەك تەنها یەكێتی، ئەم تەزویر و تۆپزیە قبوڵ ناكەن."

میدیای یەكێتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "وتەبێژی پارتی دەزانێ ئەسڵی كێشەكە داوای زەمانی پەنجا بە پەنجا نییە، ئەسڵی كێشەكە ئەوەیە پارتی، بە ناڕەوا، لە هەمو ڕەقەمێك تێی پەڕاندوەو رەقەمی كەس ناخوێنێتەوە. ئیستفرادو ئینفراد بەری چاوی گرتوەو پێكەنینی ئیستفرازیشیان دیدی دیموكراسیی و هاوبەشێتی كز كردوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×