ئەندامێكی پێشوی فراکسیۆنی گۆڕان ستایشی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
  2019-07-10       1609       

ئەندامێكی پێشوی فراکسیۆنی گۆڕان  لە پەرلەمانی عێراق ستایشی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت ''لە دوای ڕاپەڕینەوە باشترین و وازیحترین و بەهێزترین و گشتگیرترین بەرنامەی وەزاریم گوێ لێبووە، دوور لە درۆ و موجامەلەی تەوافوقی حزبی و شەخسی''.

ئاوێنه‌: لەتیف شێخ مستەفا، دادوەر و پەرلەمانتاری پێشووتری بزووتنەوەی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسیوێتی ''ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی ٧ی ٢٠١٩، بۆ یەکەمجار هەستی بەوە کردووە، شێوازی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دونیا دەچێت''.

ئه‌و ده‌ڵێت ''وەک ئەکادیمییەکی بواری دەستوور و سیستەمە سیاسییەکان، دەڵێم لە دوای ڕاپەڕینەوە باشترین و وازیحترین و بەهێزترین و گشتگیرترین بەرنامەی وەزاریم گوێ لێبووە، دوور لە درۆ و موجامەلەی تەوافوقی حزبی و شەخسی''.

لەتیف شێخ مستەفا پێیوایە کە گرنگ جێبەجێکردنە و ئەگەر سەرۆک وەزیران لە چاکسازییەکەیدا جددی بێت، ئەوا ''هەق وایە ھەمووان، بەتایبەتیش ئەوانەی خولیای چاکسازیی ڕاستەقینەن، دوور لە لایەنگیری و غەرەزی سیاسی، ھەنگاو بە ھەنگاو چاودێری بکەن و پشتگیری بکەن، چونکە گرنگ نییە کێ دەیکات، گرنگ ئەوەیە بکرێ''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×