فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ: ناگه‌ڕێینه‌وه‌ په‌رله‌مانێكی ماوه‌ به‌سه‌رچو
  2022-11-06       634       

فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئەم پەرلەمانە و حکومەت و کابینەی  نۆیە،  لەئەمڕۆوە هەردوکیان  ماوەیان بەسەرچوەو ئێکسپایەر بون و بۆیه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌كێشنه‌وه‌، هاوكات "ژمارە حسابی بانكیەکەمان دادەدەخەین و یەک دینار موچەی حەرامی پەرلەمانی ناشەرعی وەرناگرین".

 ئاوێنە:  نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ سێ په‌رله‌مانتار پێكهاتوه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێمان وایە ئەم پەرلەمانە و حکومەت و کابینەی  نۆیە،  لەئەمڕۆوە هەردوکیان  ماوەیان بەسەرچوەو ئێکسپایەر بون، بۆیە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک بەشێک نابین لەم کارە نایاساییەی پارتی و یەکێتی و بەهیچ شێوەیەک ناچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمانێکی بەسەرچو وە ئێکسپایەر".

كاوه‌ عه‌بدولقادر كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌، وتیشی، "لەم ساتەوە ژمارە حسابی بانكیەکەمان دادەدەخەین و یەک دینار موچەی حەرامی پەرلەمانی ناشەرعی وەرناگرین، لە ژێر هیچ ناوی خێر و هاوکاری و ئەو قسانەشدا لە هیچ ساتێکدا ئەم موچە حەرامە وەرناگرین، چونکە پێمان وایە ئەمە نەریتێکی خراپە و دەبێت کەسانێک و هێزی ئازا هەبن بە جورئەتەوە رەتیبکەنەوە و هیچ بیانویەک نەهێننەوە بۆی". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە وەک فراکسیۆنەکەمان لە رابردودا موچەی خانەنشینیمان رەتکردەوە و لە ئێستاشدا دوای تەواوبونی چوار ساڵی تەمەنی پەرلەمان هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەو پەرلەمانتار و دەستە نایاسایی و ناشەرعییە جێدەهێڵین کە تێیدا دەمێننەوە، تەواوی موچە و هەروەها موچەی خانەنشینیشمان رەتدەکەینەوە". 

كاوه‌ عه‌بدولقادر وتیشی، "دەمانەوێت بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی رابگەیه‌نین، ڕاستی و پاکی هێزی سیاسیی و کەسانی سیاسیی لەم چرکە ساتانەدا دەردەکەوێت، کەلە کاتی بونی پۆست و پارەو کورسی دەسەڵاتدا تاقی دەبنەوە، کە ئاخۆ دەستبەرداری ئەو ئیمتیازات و دەستکەوتانە دەبن، یان لە پێناو دەستکەوتدا پەنا بۆ کاری نایاسایی و ناشەرعی دەبەن، وەک دەوترێت ئەمڕۆ رۆژی تاقیکردنەوە گەورەکەیە".

رونیشیكرده‌وه‌، "سوپاسی هەمو ئەو فڕاکسیۆنانەش دەکەین کە هاوهەڵوێست دەبن لەگەڵمان و لەمڕۆ بەدواوە ناگەڕێنەوە پەرلەمانێکی ماوە بەسەرچو نابنە بەشێک لەشەرعیەتدان بە بەپەرلەمانێکی ناشەرعی و موچەودەرماڵە ڕەتدەکەنەوەو وەریناگرن، چونکە گرنگە پەرلەمانتار لەم ساتانەدا دەستبەرداری ئیمتیازاتی خۆی بێت لەگەل هەلوێستە سیاسییەکاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×