قوباد تاڵەبانی: گرنگە بەشێوەیەکی سەردەمیانە مەزاری سەرۆک مام جەلال بونیاد بنرێت
  2022-11-06       731       

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ دامەزراوەی مام جەلال رایگەیاند، "لەم قۆناغەدا گرنگە بەشێوەیەکی سەردەمیانە مەزاری سەرۆک مام جەلال بونیاد بنرێت".

ئاوێنە: فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاویکردەوە، "قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ یەک شەممە ٦-١١-٢٠٢٢ لە سلێمانی سەردانی بارەگای سەرەکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد و لەلایەن سەرۆکی دامەزراوەکە و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر پێشوازی لێکرا".

ئاماژە بەوەش کراوە، "لەکۆبوونەوەیەکدا، باس لە کارو چالاکییەکانی ئایندەی دامەزراوەکە و هەڵسەنگاندن بۆ پلانەکانی داهاتووش کرا و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی پلانەکانیانی کرد و هیوای خواست بەئەزموونی دەوڵەمەنی تیمی کارای دامەزراوەکە بتوانن کارێک بکەن لە ئاست خەبات و تێکۆشان و ناو ناوبانگی سەرۆک مام جەلال بێت".

دواتر باڵیۆز دکتۆر محمد سابیر سەرۆکی دامەزراوەکە، ئاماژەی بەوەدا کە کاری ستراتیژی و گرنگی دامەزراوەکە لە ئێستاو ئایندەدا بەجۆرێک دەبێت کە خەبات و تێکۆشانی مام جەلال بە زیندوی بهێڵێتەوە. هەروەها خەبات و ژیانی بەشێوەیەکی زانستی مێژووی سیاسی تۆمارو ئەرشیف بکرێت و توێژینەوەی زانستی لە بارەوە بکرێ و بخرێتە خزمەتی نەوەکانی ئایندەی وڵات.

سەرۆکی دامەزراوە باسی لەوەشکرد، "ئامانجی دامەزراوە بریتیە لە کاری کلتوری و رۆشنبیری و فکری و چەسپاندنی یەکسانی جێندەری و پەرەدان بە دیموکراسی و رەخساندنی دەرفەتە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی نەوەکانی ئایندەمان لە رێگەی دابینکردنی کورسی خوێندن لەناوخۆو دەرەوەی وڵات".

بەگوێرەی هەواڵەکەی PUK MEDIA "لەکۆتاییدا قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراوەکە و پلانەکانی داهاتوویان دەربڕی و وتیشی: لەم قۆناغەدا گرنگە دامەزراوە بەشێوەیەکی سەردەمیانە مەزراری سەرۆک مام جەلال بونیاد بنێ بۆ ئەو بوارەش هەموومان هاوکار دەبین لەپێناو سەرخستنی پلانەکانی دامەزراوە لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق بەگشتی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×