وادەی دادبینی بۆ كێشەی نێوان كۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی و حكومەتی هەرێم لە لەندەن دیاریكرا
  2022-11-07       589       

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی رونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەكانی نەوت، دادگای ناوبژیوانی لەندەن مانگی شوباتی 2024ی دیاری کرد وەکو وادەی دادبینیکردن بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە "دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration  مانگی شوباتی 2024ی دیاری کردوە وەکو وادەی دادبینیکردن بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبوکردنەوەیەكی زۆر دەکات، بۆ ئەو زیانە گەورەیەی لێی کەوتوە لە ئەنجامی کۆتاییهێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە."

بەپێی قسەی رێكخراوی رونبین، کۆمپانیاکە باسی لەوە كردوە كە داواکانییان "زۆر گرنگن" و پێشکەشی دادگای ناوبژیوانی لەندەن دەکرێن بەپێی ئەو پرۆسانەی بۆ چارەسەری کێشەکان لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمدا دیاری کراوە.

هەو لەو چوارچێوەیەدا، لە راگەیاندراوێکدا کە بەرواری ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ لەسەر پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی دەداتەوە سەبارەت بەوەی لە ١٠ی کانونی یەکەمدا ڕای گەیاندبو داوای قەرەبو دەکات لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن لە پای کۆتای هاتنی گرێبەستی هەردو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران.

وەزارەتی سامانە سرشتییەکان لە ڕاگەیانراوەکەیدا لەکانونی یەکەمی ٢٠٢١ دا وتویەتی "حکومەت نیگەرانە  لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستوە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا."

رێکخراوی ڕونبین پەیوەندی کردوە بە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییەوە و چەند پرسیارێکی ئاراستەکردون سەبارەت بەو کێشەیە لە وەڵامدا وتویانە، "ئەمە پرۆسەیەکی یاساییە و بەردەوامە بۆیە زانیاری زۆر کەم دەتوانین زیاد بکەین بۆ ئەوەی رامان گەیاندوە."

سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی لە پێگەی گەنێڵ زانیاری لەسەر کێڵگەی میران و بنەباوێ نەماوە لەوەڵامدا گەنێڵ بە رونبینی ڕاگەیاندوە، "دەتوانم دوپاتی بکەمەوە کە گەنێڵ کۆتایی بە گرێبەستی PSC هێناوە (بۆ ئەو دو کێڵگەیە) بۆیە لە پێگەکە لابراوە، پێشتر وەکو دو کێڵگە کە لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندا بون زانیاری لەسەر پێگەی گەنێڵ دانرابو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×