مەسعود حەیدەر پەیامێكی نوێی لەبارەی دەرنەچونی لە كۆنگرەی پارتی بڵاوكردەوە
  2022-11-07       642       

مەسعود حەیدەر، راوێژكاری مەسعود بارزانی، لەبارەی دەرنەچونی بۆ كۆمیتەی ناوەندی پارتی لە كۆنگرەی ئەو حزبەدا، پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوەو دەڵێت"من بە ریزبەندی رێکخستندا نەڕۆیشتوم و هيچ حەقێکی حزبیم لەسەر کادرو ئەندامانی کۆنگرەی پارتی نەبو، بۆیە ھەر دەنگێکی کۆنگرە بۆ من بە قەد ھەزار دەنگە."

ئاوێنە: ئەو راوێژكارەی مەسعود بارزانی، لە پەیامەكەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردۆتەوە راشیگەیاندوە لە كۆنگرەی پارتیدا "چەندین سەرکردەو و وەزیرو کادری پێشکەوتو سەرکەوتن یاوەریان نەبو، منیش وەکو ئەوان."

ئەوەشی وتوە"بونم بە ئەندامی کۆنگرەو کاندیدبونم بۆ کۆمیتەی ناوەندی بە ئەمری جەنابی سەرۆک بارزانی، سابیقەیەکی سیاسییە لە ناوچەکەدا."

مەسعود حەیدەر، دوێنێش لە پەیامێكدا لەبارەی دەرنەچونی وتبوی"پیرۆزبایی لەو ھەڤاڵە بەرێزانە دەکەم کە متمانەی ئەندامانی کۆنگرەیان بەدەستھێنا. بۆ بەندەش ناسینی ئەو ھەمو ھەڤاڵە جوامێرانەی کۆنگرە سامانێکی مرۆیی گەورەیەو ھەر دەنگێک بە بەندە دراوە قورسایی ھەزار دەنگی ھەیە."

دەقی پەیامەكە:

پەیامێک بۆ مەدرەسەی ئیرھابی فکری!

١- من بە ریزبەندی رێکخستن نەرۆشتووم و هيچ حەقێکی حزبیم لەسەر کادرو ئەندامانی کۆنگرەی پارتی نەبوو، بۆیە ھەر دەنگێکی کۆنگرە بۆ من بە قەد ھەزار دەنگە.

٢- متمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی بە بەندە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە و نوێنەرایەتی کردنی جەنابیان لە چەندین مەلەفی گرنگ لە عێراقدا گەورەترین شانازییە.

٣- چەندین سەرکردەو و وەزیر و کادری پێشکەوتوو سەرکەوتن یاوەریان نەبوو، منیش وەکو ئەوان.

٤- بوونم بە ئەندامی کۆنگرەو و کاندیدبوونم بۆ کۆمیتەی ناوەندی بە ئەمری جەنابی سەرۆک بارزانی ، سابیقەیەکی سیاسیە لە ناوچەکەو پەیامێکە کە پارتی و سەرۆک بارزانی رێز لە تێکۆشەران و نیشتمانپەروەران دەگرن و متمانە و مافی بوون بە ئەندامی سەرکردایەتیان ھەیە.

٥- بە نەفەسی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و لە رێگەی پارتیمان پێشمەرگە ئاسا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بەرگری لە دۆزی گەلەکەمان دەکەین و خزمەت بە خاک و گەلی کوردستان دەکەین.

مسعود حيدر

راوێژکاری سەرۆک مسعود بارزانى

٢٠٢٢/١١/٧

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×