ئه‌و خوێندكاره‌ كورده‌ی له‌ ئێران درایه‌ به‌ر چه‌قۆ گیانی له‌ ده‌ستدا
  2022-11-08       426       

ئەو خوێندکارە کوردەی هەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری ئەهوازی ئێران بە چەقۆ بریندار کرابوو، گیانی لەدەستدا.
 
ئاوێنە:  خوێندکارە، ناوی بەشار فایەقە، تەمەنی 21 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی دووی کۆلێژی پزیشکی بوو، لە زانکۆیەکی شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خوزستان دەیخوێند، رۆژی 03ی تشرینی دووه‌می 2022، لە تەنیشت زانکۆکەی لەلایەن چوار کەسەوە درابووە بەر چەقۆ.
 
فایەق ئەحمەد، باوکی بەشار بە رووداوی راگەیاند، کوڕەکەی چوار رۆژ بوو لە نەخۆشخانە بوو، سەرەڕای چوار نەشتەرگەریی گەورە، کاتژمێر شه‌شی بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
بەشار دانیشتووی قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک بوو، دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ خوێندنی پزیشکی چووبووە ئێران، چوار رۆژ لەمەوبەر لە ناو پارکێکی شاری ئەهواز، چوار کەس رێگەیان لێگرتووە و پارە و مۆبایلەکەیان لێسەندووە، پاشان بەر چەقۆیان داوە و حەوت چەقۆی بەرکەوتووە.
 
باوکی بەشار دەڵێت، کوڕەکەی کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و هیچ هیچ پەیوەندییەکیشی بە خوپێشاندەران و سیاسەت نەبووە.
 
باوکی بەشار داوا دەکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەی بەشێوەکی فەرمی و لە رێگەی فڕۆکەخانەوە بگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×