سه‌عدی پیره‌: پارتی کارێکی باشی کرد کە لێنەگەڕا ئەوانەی لەناو یەکێتی و گۆڕان چوونەتە ناوی دەربچن
  2022-11-08       459       

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، پارتی کارێکی "باشی"کرد کە لێنەگەڕا لە کۆنگرەی 14دا ئەوانەی لەناو یەکێتی و گۆڕان چوونەتە ریزەکانی دەربچن و هانی خەڵکیان نەدا لەو سەنگەر گۆڕینە. 
 
سەعدی پیرە، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رادیۆی رووداو لەبارەی پەیامەکەی یەکێتی بەبۆنەی کۆنگرەی 14ی پارتییەوە وتی: "خۆشحاڵم بە پەیامەکەی یەکێتی، ئەوە کردنەوەی بێدەنگی و نەبوونی پەیوەندی بوو، پیرۆزباییەکە کورتبێ یان درێژ، کرانەوە و شتێکی باشبوو". 
 
بە وتەی سەعدی پیرە، "پێشتر لە رووداوی وەکو کۆنگرەی پارتیدا، یەکێتی زووتر و درێژتر هاتووەتە پێش و پەیامی ناردووە، بەڵام ئەمجارە درەنگتر هاتووە و بەو درێژییەش نییە کە ئێمە چاوەڕوانی بووین، بەڵام هات. ئەمە پێویستی بەوەیە کە هەنگاوەکانی دواتر گەرموگوڕتر بن". 
 
سەعدی پیرە راشیگه‌یاند: "عادەتەن یەکێتی لە بەکارهێنانی وشە و زۆر نووسین لە پارتی سەخیترە، بەڵام ئەمجارە یەکێتی کەمتر سەخاوەتی بەکارهێنا، ئەمە ئیشی یەکێتی نییە و نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا یەکێتی تووڕەییەکەی لە پارتی بەرینەداوە، بۆیە پێویستە پارتی ئەوە بە جدی وەربگرێت کە یەکێتی هێشتا لێی تووڕەیە، ئەوەش ئیشی پایە بەرزەکانی ناو پارتییە، کە بە جدی وەریبگرن و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە و یەکێتی ئارام بکەنەوە، چونکە ئەم تووڕەییەی ئێستا نە لە قازانجی پارتییە، نە یەکێتی و نە پرۆسەی سیاسی بەردەمیان". 
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیشاردەوە کە چاودێریی هەموو کۆنگرەکانی پارتی، چالاکییەکانی و وتاری بەرپرسەکانی پارتی دەکەن و وتی: "دەزانین چی دەڵێن و لە وتارەکانیان مەسەلەی هاوپەیمانێتی ئێمە بۆ حوکمڕانی لە داهاتوو هاتووە، تۆختر و کەمتر تۆخ هاتووە، بڕیارەکانی کە دراون هەموویان روون نین، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی نوێی پارتی و نۆژەنکردنەوەی پەیوەندییەکانمان دیاردەبێت کە پەیوەندییەکان بە چ ئاقارێکدا دەڕوات، ئومێدەوارم ئەم ساردوسڕییەی ئێستا بەردەوام نەبێت و کۆتایی بێت". 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەعدی پیرە باسی سەنگی کورد و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کرد لەبارەی پۆستەکانی حکومەتی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە پێگەی کورد بە دەنگی وەزیرێکەوە پەیوەست نییە و وتی: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێموانییە بە تەواوی پشت بە دەنگی وەزیر ببەسترێ، ئایا وەزیرێک دەنگ دەدات یان دوو وەزیر، کاک فوئاد حوسێن و خالید شوانی کە ئێستا لە بەغدان، ئەوان دوو کەسایەتیی گرنگن و لەجیاتی میللەتێک دەنگدەدەن، پێموانییە کە لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت حیساب بۆ ئەوە بکەن کە ئەمە دەنگێکە یان دوو، نەخێر ئەو دەنگە دەنگی چوار - پێنج ملیۆن کەسە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە دوو وەزارەتەکەی کورد زوو پڕبکرێنەوە و رەنگە کورد بەرکەوتەی لە دوو وەزارەتیش زیاتربێت، چونکە تائێستا شەراکەتی ئێمە وەکو نەتەوەی دووەمە لە عێراق، ناکرێ وابزانی سێ وەزارەتت هەیە، چونکە وەزارەتی ژینگە راستییەکەی وەزارەت نییە و لە وەزارەتی تەندروستی جیاکراوەتەوە بۆ ئەوەی لایەنێکی پێ رازیبکرێت". 
 
وتیشی، "ئێمە بەشداریکردنمان پێ گرنگە، حەق نییە یەکێتی و پارتی لە کێشەکانی بەغدا خۆیان بکەنە لایەن و کارێک بکەن کە وا نیشان بدرێ کە کێشەی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بەغدا هەمووی پەیوەستە بەو دوو وەزارەتەوە کە هی کوردە و پەیوەستە بە پارتی و یەکێتییەوە. پێموایە پارتی و یەکێتی ستەم دەکەن کە ئەوە بهێڵنەوە بۆ ئەوەی ببێتە بیانوو بۆ لایەنە عێراقییەکان". 
  
سەعدی پیرە ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئێستا لە بەغدا پێگەمان زۆر زۆر لە رابردوو گرنگترە، پێشتریش باسمکردووە، لە سەرەتای رزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003، جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک مەسعود، بەپەلە لێرەوە رۆیشتن بۆ بەغدا بە ناوی (ترمیم الوحدە العراقی) لەکاتێکدا لە عێراق نە عەسکەر هەبوو، نە هیچ هێزێک کە یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت. ئێستا زۆرجار گومان لەوە دەکرێت کە کورد یەکپارچەیی عێراق دەپارێزن یان نا، ئەمە یانی چی؟ لەکاتێکدا عێراق هیچی نەبووە بەرگریی پێ لەخۆی بکات یەکپارچەیی عێراقمان پاراستووە و لەلایەن دوو کەسایەتی زۆر گرنگ کە سەرکردایەتیی گەورەترین هێزی چەکدارییان لە عێراق کردووە، کە لەم وڵاتەدا هیچ شتێک نەبووە". 
 
به‌ وته‌ی سه‌عدی پیره‌، "ئێستا پێویست ناکات لەسەر وەزارەت و نیوێک قڕەقڕ بکەین، پێویستە لەمەدا دابنیشین و رێکبکەوین. ئێمە ئێستا وەرەقەیەکمان هەیە کە واژۆمان کردووە بە ناوی (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردن)، لە دوای چلەی ئیمام حوسێن لەو کۆبوونەوەیەی کە پێیدەوترێ دیالۆگی نیشتمانی، لەوەدا شاندەکانی پارتی و یەکێتی زۆر بە وردی بەدوای کێشەکاندا رۆیشتن و هەموو کێشە هەڵواسراوەکانیان جێگیرکرد، بەڵام جێگیرکردن بەتەنیا بەس نییە، وەک ئەوە وایە کە هێزێک گردێک بگرێت، بەڵام گرتن بەس نییە ئەگەر نەیپارێزێت. وا دەستوور جێبەجێ ناکرێت، ئیدی وەرەقەیەک چۆن جێبەجێ دەکرێت ئەگەر بەدوایدا نەچیت؟ ئەگەر بەو شێوەیە لەسەر وەزارەتی ژینگە شەڕ دەکەیت، چۆن دەتوانی وەرەقەکە بپارێزیت".
 
لە کۆی 23 وەزارەتەکەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی تەنیا دوو وەزارەت کە بریتین لە وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی متمانەیان پێنەدراوە.
 
سەعدی پیرە دەڵێت، ئەو وەرەقەیەی واژۆیان کردووە، "یەک دنیا شتی تیادایە و پێویستە بەدوایدا بچیت؛ کێشە ئەمنییەکان، پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان، مەشق و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و کردنی بە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق. لە هەمان کاتیشدا پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە پێگەیەکی ئابووریی گەورە".

وتیشی: "نابێت ئێمە چاوەڕێی ئەوەبین کە خەڵک ئەو کێشانەمان بۆ چارەسەر بکەن، ئێمە لە رابردوودا لەناو شیعە و سوننە لە سەردەمی جەنابی مام جەلال، کە ساڵێک زیاتر لە خزمەتیدا بووم لە بەغدا، مام جەلال هەمیشە ئەوەی وەبیر دەهێنانەوە کە ئەی شیعە، فەرامۆشکردنی داوا رەواکانی کورد، فەرامۆشکردنی لایەنە ناشیعەکان، خۆتان بەهێز ناکات، لەناوتان دەبات، ئێوە ناکرێ چاوەڕێی ئەوە بکەن لایەنێک لە دەرەوە بێت ئێوە بپارێزێت تەنانەت ئەگەر ئێرانی شیعەش بێت، ئەوە ئێوەن بەرپرسن لە پاراستنی ئێمەی کورد و سوننەکان". 
  
لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی و گۆڕان پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتییەوە کرد و بەشێکیان بەشداریان لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا کرد، تەنانەت هەندێکیان خۆیان بۆ کۆمیتەی ناوەندی بەربژێر کرد، بەڵام هیچیان دەرنەچوون.
 
بە بڕوای سەعدی ئەحمەد پیرە، پارتی کارێکی "باشی"کرد کە لێنەگەڕا ئەوانەی لەناو یەکێتی و گۆڕان چوونەتە ناوی دەربچن و هانی خەڵک نادەن لەو سەنگەر گۆڕینە. "من ئەوە بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسێک ناڵێم، بەپێچەوانەوە لەبەر هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لێنەگەڕان ئەوانە دەربچن، بۆ ئەوەی نەبێتە نەریت خەڵک لەپێناوی پۆست و پلە خەریکی سەنگەر گۆڕین بێت. ئەو کارەی ئەندامانی کۆنگرەی 14ی پارتی، کارێکی نیشتمانی زۆر باش بوو کە نەیانهێشت ئەوانە دەربچن، هەڵسەنگاندنی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە هەڵوێست و نیشتمانپەروەریی بووە نەک کاری بەرژەوەندیی کەسی". 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×