سیامەند موعینی: هەر ڕێکخستنێکی ئۆپۆزسیۆن لەئێران درووستبکرێت بەبێ بوونی پژاک ناتوانێت سەرکەوتووبێت
  2022-11-08       919       

هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) ڕایگەیاند ئەگەر هەر ڕێکخستنێکی ئۆپۆزسیۆن لەئێران درووستبکرێت بەبێ بوونی پژاک ناتوانێت سەرکەوتووبێت.

 

ئاوێنه‌:  سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی  دەڵێت: لەگەڵ هەر دانیشتن و هەر حزورێكی گشتیدا بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆن لە ئێران پژاك لەگەڵی دەبێت بە ناسنامەی خۆیەوە، دەتوانم زۆر بە راشكاوی بڵێم نەبوونی پژاك لە نێو رێكخستنێكی وادا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە پژاك هێزێكی مەیدانیە، و ئەو شۆڕشەی لە ئێران دەستی پێكردووە ئەوە نیشاندەری ئەوەیە و بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرابوو كە هێزی ئەو فەلسەفەیە چەند بەهێزەو چەند دەتوانێت بە خێرایی بچێتە ناو جەماوەر و دەتوانێت ئاڵوگۆڕ دروست بكات.

ئاماژە بەوەشدەکات پژاك ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە بەشێك لە هێزێك كە بۆ ئازادی لە ئێران و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات.

هاوسەرۆکی پژاک جەختیش لەوەدەکاتەوە ئەوان بەڕووخسەتی هیچ کەسێک نەهاتونەتە چیاکانی کوردستان و دەڵێت: ئێمە بە رووخسەتی هیچ كەس نەهاتووین لە چیاكانی كوردستان جێگیر بین و بەهەڕەشەی هیچ هێزێكیش پێگەو چیاكانی كوردستان بەجێناهێڵین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×