پزیشكێك له‌ماوه‌ی دو ساڵدا و به‌بیانوی "كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خان‌و و ئۆتۆمبێل" یه‌ك ملیۆن دۆلار (100 ده‌فته‌ر دۆلار) له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت و پۆلیسی هه‌ولێریش له‌وباره‌یه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ كه‌سێك تا ئێستا سكاڵای تۆمارنه‌كردوه تا ئێمه رێكاره یاساییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ین.
ئاوێنه: به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان پزیشكێك كه نۆرینگه‌ی به‌شی هه‌ناوی هه‌یه له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا، له بنه‌سڵاوه یه‌ك ملیۆن دۆلار (سه‌د ده‌فته‌ر) دۆلاری له هاوڵاتیان وه‌رگرتوه به‌ناوی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خان‌و و ئۆتۆمبێلیان بۆ ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا بڕێك پاره‌ی زیاده‌یان پێده‌دات.
له‌وباره‌یه‌وه، هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئێمه‌ش زانیاریمان پێگه‌یشتوه له‌سه‌ر دۆسێیه‌كی له‌وشێوه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كه‌سێك نه‌هاتوه زانیاریمان پێبدات و سكاڵای یاسایی تۆماربكات، بۆئه‌وه‌ی رێكاری یاسایی بگرینه‌به‌ر".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "داوا له‌و هاوڵاتیانه ده‌كه‌ین كه پاره‌یان له‌لایه‌ن ئه‌و پزیشكه‌وه لێوه‌رگیراوه، داوای یاسایی تۆماربكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئێمه رێكاره‌كان جێبه‌جێبكه‌ین و ماف و موڵك بۆ تاوانلێكراوان بگێرینه‌وه".
له‌ڕوداوێكی هاوشێوه‌دا و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، عه‌لی جه‌مال قدوری له لێدوانێكی تایبه‌تدا به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، لەناحیەی رزگاری کەلار، کەسێک كه ته‌مه‌نی 26 ساڵانه، پاره‌ی له‌هاوڵاتیان وه‌رگرتوه و پێیوتون، "كاسبی پێوه ده‌كات له‌بۆرسه‌ی دراوی ئه‌لیكترۆنی و له‌به‌رامبه‌ریشدا پاره‌ی زیاتریان پێده‌دات".
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "ئه‌و تۆمه‌تباره 180 هه‌زار دۆلار (18 ده‌فته‌ر دۆلار)ی له‌هاوڵاتیان وه‌رگرتوه، له‌ئێستاشدا دانی به‌وه‌داناوه كه زه‌ره‌ری زۆری له‌بۆرسه‌ی دراوه ئه‌لیكترۆنیه‌كان كردوه و ئیفلاسی كردوه، تا ئێستاش سێ سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركراوه".