دوای ئەوەی لەسەر ڕێگای کۆیە-هەولێر ژنێک بەهۆی شێلانی لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە گیانی لەدەستدا، کەسێک خۆی بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناساندوە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو نەبوەو برا بچوکەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوەو مۆڵەتی شۆفێریشی نەبوە.
ئاوێنە: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (8ی تشرینی دوەمی 2022) وتی، ڕۆژی 6ی تشرینی دوەمی 2022، ڕوداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی هەولێر-کۆیە ڕویدا کە تێیدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی خۆی بە هاوڵاتییەکی ئافرەتدا بە ناوی (نەسرین ئیبراهیم حەسەن - 27 ساڵ و بە ڕەگەز سوری) کێشاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
وتیشی، "دواتر کەسێک لە نەخۆشخانە بەناوی (ص ن ک - 28 ساڵ) خۆی بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناساند گوایە ئەو تاوانەکەی ئەنجامداوە، بەڵام دوای وەرگرتنی زانیاری و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ڕوداوەکە، دەرکەوت ئەو شۆفێر نەبوە لە کاتی ئەنجامدانی ڕوداوەکە، بەڵکو برایەکی بچوكی ئەو کەسە شۆفێری کردوە بە ناوی (أ ن ک - 19 ساڵ)."
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکراشیکرد کە شاردنەوەی ئەو تاوانە لەبەر ئەوەبوە کە تۆمەتباری ڕاستەقینە مۆڵەتی شۆفێری نەبوە بۆیە برایەکی ویستویەتی تاوانەکە بخاتەسەر خۆی و تۆمەتباری سەرەکی بشارێتەوە.
ئاشکراشیکرد کە هەردو تۆمەتبار بە ماددەی 4ی هاتوچۆ لە بەندیخانەن.