گرژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان درێژەیان هەیە
  2022-11-09       506       

شەوی ڕابردوو جارێكی دیكە خۆپیشاندان و گرژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەریانهەڵدایەوە.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییە تایبەتەكان، شەوی ڕابردوو لە سنە، سەقز، مەریوان و كرماشان و چەند ناوچەی دیكە خۆپیشاندانی توند بەڕێوەچوو.

لە خۆپیشاندانەكاندا گرژی و پێكدادان سەریانهەڵداوە، هێزێكی زۆری ئەمنیش لە شاری سەقزەوە ڕەوانەی شاری مەریوان كراوە.

لە چەند شاری دیكەی ئێران وەك تاران و كەرەج و سیستان و بەلووچستانیش خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزی هەن.

لەسەر ئاستی دەرەوەش خۆپیشاندانی ئێرانییەكان و كوردانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ بەردەوامن.

لای خۆیەوە نێد پڕایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی گرژییەكانی ئێرانەوە ڕایگەیاند ئەوە ڕەوشی نێوخۆی ئێرانە، خۆپیشاندانەكان پەیوەندییان بە كێشەكانی ناو ئێرانەوە هەیە، قسەی كاربەدەستانی ئێرانی ڕاست نییە كە دەڵێن دەستی ئەمریكای تێدایە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران 50 ڕۆژیان تێپەڕاند كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردی سەقزی ژینا ئەمینییەوە لە تاران دوای دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادی ئێرانەوە لەسەر باڵاپۆشی دەستیانپێكرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×