2022-11-09   306     
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کێشەی زەوی جووتیارانی کەرکووک یەکێکە لە دۆسیە گرنگەکان و یەکێکە لەو خاڵانەی کە کاری لەسەر دەکەن. دەڵێت: "پشتیوان بە خودا یەکلایی دەکەینەوە."
ئاوێنه: رۆژی چوارشەممە 09-11-2022، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی دادی بەسەرکردەوە، سەردانەکەشیان لە فەرمانگەی چاکسازییەوە دەستپێکرد.
لەبارەی ئامانجی سەدانەکەی، خالید شوانی وتی: "بۆیە لە فەرمانگەی چاکسازییەوە دەستمان پێکرد، چونکە فەرمانگەیەکی زۆر گرنگ و گەورەی وەزارەتی دادە، هەروەها لە میدیا و رای گشتی قسەی زۆری لەسەر دەکرێت."
سەبارەت بە پرسی زەوییەکانی کەرکووک کە کێشەی لەسەرە و ئەو لایەنەی کە پەیوەستە بە وەزارەتی دادەوە، خالید شوانی وتی: "ئەم دۆسیەیە، یەکێکە لەو دۆسیە گرنگانەی کە لە ساڵی 2012وە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پێدەرچووە، بە داخەوە لە وەزارەتی داد و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کاری پێنەکراوە، تا راددەیەک لە دادگەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە کاری پێناکرێت."
بە وتەی وەزیری دادی عێراق، "لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ وتوێژمان کردووە، ئەمە یەکێکە لەو دۆسیە گرنگانەی کە لە ماوەی داهاتوودا کاری لەسەر دەکەین، بە پشتیوان خوای گەورە و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کردوومانە لەگەڵ لایەنەکانی ئەو حکومەتەیان پێکهێناوە، ئەمە یەکێکە لە خاڵەکان کاری لەسەر دەکەین و پشتیوان بە خودا دەیگەیێنینە ئەنجام."
سەرچاوە: رووداو