ئا: ئاوێنە
ئەندامێکى سەکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، بردنى وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەى دژە تیرۆر کە لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە داواکراوە بۆ ئیستیفزازى پارتى نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە بێتاوانى خۆى بسەلمێنێت.
رابیحە محەمەد بە دەنگى ئەمەریکاى وت "بردنى وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر بۆ ئیستفزازکردنى لایەنێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆی".
وتیشى "پێویستە ئەو کەسانەی پارتی تۆمەتبارییان دەکات بچنە ناو ئەو کۆبوونەوەیە لەپێش نێردەی وڵاتان ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت یان ڕوونکردنەوەیەکیان هەبێت لەسەر ڤیدیۆیەکە ئەویش وەکو کەسێکی ئەمنی بتوانێت وەڵام بداتەوە. "
ڕابیحە محەمەد دەشڵێت "وەهاب هەڵەبجەیی وەکو کەسێکی ئەمنی چووه، ئەگەر بابەتەکە ئەوە بێت ئەویش یەکێک لە تاوانباران بێت ئەویش دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەری ئەگەر پرسیاری ئەوەیان هەبوو ئەویش دەبێت ئامادەیی خۆی هەبێت و بێتاوانی خۆی لەپێش هەمووان ڕوون بکاتەوە. "
"ئێمە نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین، ئەوە پارتیە دەست بۆ ئێمە درێژ دەکات و دەیەوێت لە شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی بدات تەنانەت دەست بۆ دەزگای زانیاری و بۆ کەسایەتیە ئەمنیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەبات".
رابیحە محەمەد جەختیکردەوە "ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەوە ڕوون بکەینەوە ئێمە نین شەڕمان دەوێت یەکێتی هەمیشە لایەنی ئاشتیخواز و میانڕەو بووه، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت تاکڕەوانە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست و سلێمانی بخنکێنێت بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین. "