نوێنەری حكومەتی هەرێم لەبەغدا: ئەگەری هەیە بەشە بودجەی هەرێم بەڕێژەی 14% دیاری بكرێ
  2022-11-10       651       

فارس عیسا، نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا، سەردانی چاوەڕوانكراوی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بە "گرنگ" ناودەبات و پێشبینیش دەكات بەشە بودجەی هەرێم بە رێژەی لەسەدا 14 لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتو دیاری بكرێت.

ئاوێنە: فارس عیسا،  نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ماڵپه‌ڕی رەسمی پارتی راگەیاند''له‌ به‌رنامه‌دایه‌ که‌ هه‌فته‌ی داهاتو وەفدی هه‌رێمی کوردستان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی دیاریکردنی بودجه‌ی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراقی فیدراڵدا سه‌ردانی به‌غدا بکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئه‌م سه‌ردانه‌ گرنگه‌، چونکه‌ حکومه‌تی نوێی عێراق پێکهێنراوه‌و حکومه‌تیش ئاماده‌یی نیشان داوه‌ بۆ گفتوگۆ."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان سەرەتا بە ڕێژەی 17% بوە، دواتر کەمکرایەوە بۆ 12% و بۆ ئەمساڵیش ئەگەری زۆر ئەوەیە بە ڕێژەی 14٪ دیاری بکرێت.''

دوێنێ لە كۆبونەوەی خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دیاریكرد كە پێکدێت لە: وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و وتەبێژی حکومەت.

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە كۆبونەوەی دوێنێیدا، وەفدەکەى راسپارد لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەختیشی لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییە كردەوە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×