ژیان بەتامی مەرگ
  2022-11-10       1830       

شیلان ئەحمەد، هاوسەری قادری حاجی عەلی

 

وا بەنیاز بوم "گەڕانەوە بۆ ژیان" بکەمە ناونیشانی وتارێک، ئەویش دوای ئەوەی لە دەردی کۆرۆنا رزگارمان بو پێکەوە گەڕاینەوە ماڵ، بەڵام بەداخەوە مەرگی ناوەختی هاوسەرە شیرینەکەم بو بەخەمێکی قوڵی بێ کۆتایی و، ژیانی بەتامی مەرگیش بۆ من بەجێهێشت.

 

دو ساڵە من و شاکۆی کوڕم (دیارییە خواهانییەکەی قادری حاجی عەلی) لەنێوان خەم و دوری ئەبەدی باوکی، لەنێوان ژیان و مەرگدا ئەتلێینەوە، ژیانێکی بێ رۆح، هەناسە ساردو ساکاو لە یادەورییەکانی رابردودا.

خۆزگە ئەمتوانی بەوحاڵەشەوە ئەوهەقەی بۆ بگێڕمەوەو یادگارییەکانی شەش ساڵەی پێکەوەبونمان لەدوتوێی کتێبێکدا کە شایستەی ئەو بێت بنوسمەوە، بەسەرهاتی نەخۆشییەکەی و کورتەیەک لە چیرۆکی بەدبەختی خۆم لەدوای کۆچی ئەو بڵاوبکەمەوە.

کەم جار ڕێک ئەکەوێ کۆمەڵێ تایبەتمەندی و ئاکاری جوان و ناوازە لەمرۆڤێکدا کۆببێتەوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوان و باڵا لەکەسایەتی مرۆڤێکدا ڕەنگ بداتەوە. باوکی شاکۆ بە شاهیدی دۆست و نەیار کەسایەتییەک بو کە وێنایەکی وای هەبو پڕاوپڕ ببێتە جێگەی شانازی کەسوکارو هاوڕێکانی و بگرە میللەتەکەشی،  بەخشندە، دەست و دڵ پاک، بەئەمەک و کۆمەڵایەتی و خاکەڕا، تا ئاستی ئەوەی هاوڕێی لەهەمو تەمەنەکان هەبو .

مرۆڤێک تاسەر ئێسک بڕوای بە نوێگەری و دادپەروەری و ژیانێکی شایستە بو بۆ خەڵکی کوردستان کە بارتەقای رەنج و قوربانییەکانی بێت، ئەو بەمانا خەمی گشتی لەکۆڵ نابو، هاوکاری گەنج و پاڵپشتی هەمو هەنگاوێکی بوێرانەیان بو بۆ بەرژەوەندی گشتی، پاڵپشت و بەرگریکارێکی سەرسەختی میدیای ئازادو  ئازادی وتن و رادەربڕین بو، هەمو ئەوانەشی بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی ئەزانی و وەک تەواوکەری ئەزمون و تێکۆشانی رابردوی لێی دەڕوانی.

ئەو بڕوای بەوە بو مرۆڤەکان خۆیان دەتوانن جوڵێنەری سەرەکی ئەو واقیعەبن کە تێیدا دەژین. بڕوا بەخۆبون لای لەئاستێکی باڵادا بو، نەترس و بوێر بو، سڵی لەئەرکی قورس نەدەکردەوە. بۆیە هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ هەمو گۆڕانکاری و ئاڵانگارییەکانا دەستوپەنجەی نەرم دەکرد، بەبێدەنگی دەجەنگا، بەو ئەزمون و شارەزاییەی هەیبو سەرکەوتوانە توانی مێژویەکی پڕ شانازی بۆ خۆی بنەخشێنێت.

لەلوتکەی دەسەڵاتا دەستبەرداری پۆست و ئیمتازاتە بێشومارەکانی بو، لەبری بەرژەوەندی و ژیانی تایبەت، پارێزەرایەتی مافەکانی خەڵک و بەرگریکردنی لەژیانی گشتی هەڵبژارد، ئەو هەمو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بو، بەردەوام هەوڵی بەرزڕاگرتنی شکۆی تاکی کوردی دەدا، زۆر ڕاستگۆیانە لەخەمی ئەوەدا بو ئینسانی کورد بەپشتبەستن بە تواناو بڕوابون بەخۆو بە کۆدەنگی دەنگە ناڕازییەکان و دور لەخۆبەستنەوە بە کاریزماو چوارچێوەکانی حزب، خۆیان ڕێگەی گۆڕانکاری بگرنە بەرو چاکسازی بکەن.

باسکردنی کەسایەتییەکی وا، کە بەر لەمەرگی ببوە ئومێدێک بۆ هەمو ئەوانەی بێ ئومێدببون لەو دۆخە ناهەموارەی کە دەسەڵات دروستی کردبو، لەم نامیلکە بچوکەدا هەرگیز هەقی خۆی پێ نادرێت، بەتایبەتی کە ئەم نامیلکەیە تەنها بۆ باسکردن و گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانەیە کە توشی نەخۆشی کۆرۆنا بو تا دوایین ساتەکانی ژیانی، دواتریش باسکردنی بارودۆخی بەندە لەدوای کۆچی ئەو، کەچی کارەسات و خەسارەتێکی ژیانما خولقاند، نە ئەتوانم وەسفی بکەم، نە تواناشم هەیە گوزراشتی لێبکەم.

نەخۆشکەوتن و ماڵئاوایی یەکجاری

ڕۆژی ٢٣/٩/٢٠٢٠ وەک هەمو ڕۆژێکی ئاسایی هەستاین لەخەو بەڕویەکی خۆشەوە خۆی گۆڕی و نانی بەیانی خواردو چوە دەرەوە بۆ بینینی چەند برادەرێک کەپێشتر گۆڕان بون، نیوەڕۆ کە گەڕایەوە ماڵەوە  زۆر بێتاقەت بو دەتوت کەسێکی ترە، دەموچاوی تەواو پێوەی دیار بو کەهەواڵێکی ناخۆش یان شتێکی ناخۆش ڕوی دابێت، کەپرسیارم لێ کرد هیچی نەدرکاند و وتی هیچ نەبوە، من بڕوام پێ نەکرد چونکە دەموچاوی هاواری  ئەکرد، بۆ شەوەکەی سەرئێشە دایگرت و کەمێک تای هەبو، بۆ ڕۆژی دوایی هەروەک ڕۆژانی ئاسایی هەستا بەڵام بێتاقەتییەکە بەری نەیابو جارێکی تر پرسیارم لێکرد هەر ئینکاری لێ کرد و وتی هیچ نەبوە، ئەوەی لەنزیکەوە قایەری حاجی عەلی ناسیبێت ئەزانێ کە کەسێکی نهێنی پارێز بو هەرگیز نهێنی خۆی و دەوروبەرەکەشی لای کەس باس نەئەکرد، بەڵام زۆر شتی لەلای من باس ئەکردو سەرگوزشتەی زۆری خۆی و هاوخەباتەکانی و هاوڕێ نزیکەکانی باس ئەکرد.

زۆرجار کەبێتاقەت ئەبو ئەیوت بابڕۆین پیاسەیەکی ئەزمەڕو ئەودیوی سلێمانی بکەین و بەدەم ڕێگاوە ئەکەوتە قسەکردن، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بو بەزەردەخەنەیەک ئەیویست دڵنیام کاتەوە کەهیچی وا نیە بەڵام دەموچاوی وای نەئەوت، ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژەکانی تر چوە دەرەوەو کەسی وای نەبینیبو هاتەوە وتی گیانم داهێزراوە خەریکە توشی پەتای وەرزی ئەبم، دو پاراسیتۆڵی خواردو تۆزێ شێلام ئازاری سەری کەم بوەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی کەڕۆژی هەینی بو کەچوە دەرەوە ئەوەنەی پێ نەچو هاتەوە وتی سەرم زۆر ئازاری هەیە، وردە وردە تاکەشی بەرز ئەبوەوە، وتم بۆ ناچی فەحسێک بکەی وتی خۆم ئەزانم هەمو پایزێک پەتای وەرزی ئەگرم هەر ئەوەیە هیچی تر نیە، بۆ ٢٦ و ٢٧ ی مانگ تاکەی بەرزتر بوەوە بەڵام بەردەوام پاراسیتۆڵی ئەخوارد لەماوەی ئەو دو ڕۆژەیا خوشکو براو خوشکەزاکانم سەردانیان کردین، هەمو بەسەرە ئەیانشێلا تاوەکو تۆزێ ئازاری سەرو شان و ملی کەم بێتەوە.

چەند جارێکی تر لێم دوبارە کردەوە کە بچێت فەحسی کۆرۆنا بکات بەڵام بەقسەی نەکردم هەتا ڕۆژی ٢٨/ ٩ منیش هەمو گیانم یایە ئازار ئازارێک کە یەکەم جار بو هەستی پێ بکەم نەمەتوانی بەپێوە خۆم ڕابگرم، دەستبەجێ چوم فەحسم کرد، دوای بیستو چوار سەعات ئەنجامەکەیم بۆ هاتەوە بە کورتە نامەیەک لەمۆبایلەکەم، کە ئەنجامەکەیم پیشان دا ئینجا قەناعەتی کرد کە ئەوەی ئەویش کۆرۆنایەو بۆ ڕۆژی دوایی واتا ٣٠/٩ چو پشکنینی کرد، زۆرم پێ وت کەپشکنینی خوێن و ئەشیعەی سنگیشی بگرێت بەڵام کەهاتەوە هەر فەحسی ئاسایی کردبو کە بەقوڕگ و لوت ئەکرێت، ئەنجامی فەحسەکەی ئەو دوای دو ڕۆژ هاتەوە کە بەچاوی خۆی ئەنجامەکەی بینی ئینجا قەناعەتی کرد کە کۆرۆنایە. لە ٣٠ی مانگەوە خۆمان کەرەنتین کردو شاکۆم نارد بۆ لای خوشکەکانم لەبەر ئەوەی ئەویش هەڵگری ڤایرۆسەکە بو هەمویانی توش کرد.

سەرەتا هەستی بەهیچ هەناسە توندیەک نەئەکرد بۆیە وای ئەزانی بەسوکی گرتویەتی تەنها ڤیتامینات و پاراسیتۆڵی ئەخوارد، بەڵام تاکەی تا دەهات بەرزتر ئەبو،  دوی مانگ دوبارە فشارم لێ کرد کە فەحسی خوێن بکات بەڵام بەقسەی نەکردم، بڕوای زۆر بەڕێنمایی دکتۆر هەبو بۆیە وتی تلفۆن بۆ دکتۆر هێرش سەید سەلیم ئەکەم با ئەو ڕێنمایمان بکات چی بکەین ئەو شارەزایی پەیا کردوە لەسەر کۆرۆنا، مۆبایلەکەی خۆی داخستبو بە مۆبایلەکەی من نامەیەکی بۆ دکتۆر هێرش نارد لەبەر ئەوەی ژمارەکەی منی نەئەناسی پاشان تلفۆنی بۆ کرد دوای چەن تەلەفۆنێک وەڵامی دایەوە وتی ئەم ژمارەیە ئەدەم بە دکتۆرێکی تر ئەویش هێرشی ناوە بائەو ڕێنمایتان بکات، هەر چاوەڕێ بوین تاوەکو ڕۆژی دواییش کەس تەلەفۆنی بۆ نەکردین، ڕەنگە ئەگەر دکتۆر هێرش پێی بوتایە بچێتە خەستەخانەو فەحسی خوێن و ئەشیعەی سنگی بگرێت وەزعەکە بەتەواوی ئەگۆڕاو وای لێ نەئەهات.

ڕۆژی دوایی وەزعی زۆر خراپ بو بەردەوام بەسەهۆڵ تاکەیم خاو ئەکردەوە ، لەتاوا تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد، دکتۆر ئەمیر هاوڕێی مناڵی بو ئەو ژمارەی تەلەفۆنی تیمە تەندروستیە گەڕۆکەکانی بۆ پەیاکردین، تەلەفۆنم بۆ کردن بۆ ئێوارە هاتنە ماڵەوە فەحسی خوێنیان بۆ کرد کە ئەنجامەکەی هاتەوە ئیلتیهابەکەی زۆر بەرز بو هەر بە ڤایبەر ئەنجامەکەم نارد بۆ دکتۆر تەها مەحوی و ئەو عیلاجی بۆ نوسی .

ئەو چەند ڕۆژەی لەماڵەوە بوین تیمەکە ڕۆژی دوجار ئەهاتن عیلاجیان ئەیایە، هەتا ڕۆژی پێنجی مانگ واتا ٥/١٠ هەستم کرد هەناسەی بەزەحمەت بۆ ئەدرێ کە ئۆکسجینەکەیم پێوا دوسێ دەرەجە دابەزیبو بۆیە یەکسەر تەلەفۆنم بۆ دکتۆر تەها کرد، وتم دکتۆر بەقسەی من ناکات تەلەفۆنەکە ئەیەمە دەستی بەڵکو پێی بڵێی بێت لەگەڵم بچین ئەشیعەی سنگی بگرێت، کە دکتۆر تەها پێی وت قەناعەتی کرد، خۆمان گۆڕی و بردم بۆ خەستەخانەی FMC، لەوێ ئەشیعەی گرت بەڵام بێتاقەت بو نەیتوانی چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکات هێنامەوە ماڵەوەو دوای نیو سەعات تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد وتی بەپەلە بیخەرە ژێر ئۆکسجینەوە لەسەدا هەشتای سیەکانی گرتویەتی بەڵام بەخۆی مەڵێ، منیش یەکسەر تەلەفۆنم بۆ بەرهەمی یانەی شاری خێزانی کرد ئەو پێشتر زۆر بەخراپی کۆرۆنای گرتبو، لەماوەی نیو سەعاتا دو بتڵ ئۆکسجینی بۆ هێنا و دکتۆرێکیشی لەگەڵ خۆیا هێنا، ئۆکسجینیان بۆ داناو بەجێیان هێشت.

هێشتا ئەوان لەوێ بون کاک فاروقی مەلا موستەفا تەلەفۆنی بۆ کردم وتی پێی بڵێ ئیسعافی بۆ ئەنێرم بابێتە خەستەخانە باشترە بەڵام ڕازی نەبو وتی ناچم.

لەنیوەشەوا کە خەوی لێ کەوت ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ڕۆشت زۆر ترسام لەجیهازەکەشم نەئەزانی زۆر، بەپەلە تەلەفۆنم بۆ بەرهەم و دکتۆرەکە کردەوە هاتن ئۆکسجینەکەیان بۆ زیا کردو تۆزێ مەساجیان بۆ کرد هەتا ڕۆژبۆوە، خۆی زانی کەوەزعی بەرەو خراپی ئەڕوات بۆیە وتی بمبەنە خەستەخانە، ئەوەبو تەلەفۆنم بۆ ئیسعاف کردو بردمانە خەستەخانەی FMC.

٦/١٠بو چوینە خەستەخانە، پێم وابێت لەقاتی چوار بو ژورێکیان داینێ و خستیانە ژێر ئۆکسجینەوەو دکتۆر هادی هات دەرمانی بۆ نوسی و پلازمای یەکێکیان بۆ هێناین بیرم نەماوە ناوی چی بو، وتی هەوڵ بدە بیدۆزیتەوە بۆ ئەوەی سوپاسی بکەیت، ناوەکەشیم لای خۆم تۆمار کرد بەڵام دواترلەلام نەما، ئەو دو ڕۆژە هەستم کرد تۆزێ بەرەو باشی ئەڕوات لەگەڵ دەرمانە تازەکانا.

من خۆشم بێتاقەت بوم، ڕاستە بەقورسی نەمگرتبو بەس پێویستم بە ئیسراحەت بو پێویستم بەخەو بو بەڵام لەبەر ئەو نەمەتوانی بۆ پێنج دەقەش چاو داخەم، زو زو تەئکیدی لێ ئەکردمەوە کە بەجێی نەهێڵم بەهیچ شێوەیەک، شەوان تاکو بەیانی چاوم لەسەر جیهازی ئۆکسجینەکە بو، چاوم ئەوەندە هیلاک بو تاوەکو نەچومایەتە بەردەمی جیهازەکە بۆم نەئەخوێنرایەوە.

شەش و حەوت و هەشتی مانگ باش بو، بەڵام نۆی مانگ بێتاقەت بو لەبەرئەوەی خەوی لێ نەئەکەوت، شەوی نۆ لەسەر دە بەدکتۆر هادی وت ئەمەوێ بنوم بەڵام خەوم لێناکەوێت، ئەویش حەبێکی خەوی یایەو بەجێی هێشتین سەعات ١١حەبەکەی یایە سەعات یانزەوچارەک ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ ٦٠ بەپەلە خەبەرم کردەوەو دەستم کرد بە مەساجکردنی بەڵام هەر بەرز نەئەبۆوە، تەلەفۆنم بۆ دکتۆر دیار کرد ئەوکاتە بەڕێوبەری خەستەخانەکە بو بەپەلە بردیانە ژوری بوژانەوە خستیانە ژێر سێپاپەوە، نەیانهێشت من بچمە ژورەوە لەگەڵیا وتیان مەمنوعە، گەڕامەوە ژورەکەی کە تیای بوین زۆر بێتاقەت بوم لەقەلقیا جێم بەخۆم نەئەگرت دوای تۆزێ فەیس بوکم کردوە یەکسەر پۆستەکەی ئارام ئەحمەدم بینی کە نوسیبوی :

"دڵم پڕ لەدەردو کوڵ، ئەڵێم بێم بەرەو شارەکەت....بڕیار بێت ئەگەر ئەمجارە هەستیتەوە شارێک هەتیو نەکەیت، بەدەنگی بەرزو بەکامی دڵ گۆرانییەک بڵێم، هەستەوە پیاوی جوان بەهەواڵت سەدان هەزار کەس نیوە گیان بوە."

کە ئەو پۆستەم بینی دەستم کرد بەگریان و تەلەفۆنم بۆ کرد وتم کاک ئارام توخوا ئەو پۆستە لابەرە.

کە ڕۆژ بوەوە چومە خوارە لەدەرگاکەوە سەیرم کرد هێشتا هەر لەژێر سێپاپا بو، چاوەڕێم کرد هەتا هۆشیان هێنایەوەو چومە ژورەوە بۆ لای وتی زۆر بێتاقەتم دەنگی ئەو جیهازانە کاسی کردوم، پرسیاری سەعاتی کرد وتی ڕۆژ بۆتەوە وتم بەڵێ، پاشان پرسیاری کرد کێ تەلەفۆنی کردوە بۆ هەواڵ پرسین، ناوی کۆمەڵێکی زۆر برادەرم پێ وت کە نەمتوانیوە وەڵامی هەمویان بدەمەوە، لەناویانا ناوی دوانیانی وت كە هەردوكیان بەرپرسن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وتی سەیرە بەلامەوە هەواڵم ئەپرسن زۆر پەستم لێیان گۆڕان لەسەر دەستی ئەو دوانە وێران بو، وتم گرنگ ئەوەیە تۆ هەستیتەوە ئەوانە هیچی گرنگ نین، (لەوپەڕی نەخۆشی و بێتاقەتیشدا نیگەرانی دۆخی گۆڕان بو، نیگەران بو لەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانیان بەم دەردەی ئێستای بردوە) دواتر پرسیاری كردو وتی هیچی تازە روی نەیاوە وتم نە‌و، وتی کەواتە بڵاوبوەتەوە کە توشی کۆرۆنا بوم بەو تەلەفۆنانەی کە بۆیان کردویت، وتم بەڵێ لەفەیسبوکیش زۆر کەس پۆستی کردوە، وتی هەمویم لە لای خۆت سەیڤ کە بۆ ئەوەی دوایی بیانخوێنمەوە، دوبارە وتی مێشکم کاس بوە بەدەنگی ئەو جیهازانە زۆر بێتاقەتم، وتم ئەچم ئیزن لەبەڕێوبەری خەستەخانەکە وەرەگرم و ئایپادێکت بۆ ئەهێنم گوێ لە گۆرانی بگرە، پێش ئەوەی جێی بهێڵم وێنەیەکی سێڵفیم لەگەڵ گرت کە ئەو دوا وێنە بو پێکەوە گرتمان، پێشم وت کە چاک بویتەوەو گەڕاینەوە ماڵەوە وتارێک ئەنوسم بەناونیشانی "گەڕانەوە بۆ ژیان" .

هەر ئەو ڕۆژە چوم ئایپادێکم بۆ کڕی و هەمو ئەو گۆرانیانەی کە حەزی لێیەتی بۆم خستە سەری و بۆم برد، داوای کرد کە لەلای بمێنمەوەو بەجێی نەهێڵم بەڵام وتیان مەمنوعە لەبەرئەوەی ژوری بوژانەوەیەو لەدکتۆرەکان زیاتر کەس بۆی نییە بمێنێتەوە، بۆیە هەر لەبەردەمی دەرگاکەو لەساڵۆنەکانا ئەمامەوەو بە دوسێ سەعات جارێک سەرم لێ ئەیا هەتا یانزەی مانگ ڕەزامەندی بەڕێوبەری خەستەخانەکەم وەرگرت کە لەلای بمێنمەوە، شەوەکەی چومە ژورەوە دکتۆرێکی بەنجی لێ بو بەناوی دکتۆر سۆران، وتی ئێستا بێهۆشم کردوە وا زو هۆشی نایەتەوە بچۆ ئیسراحەتێک بکەو وەرەوە.

ماوەیەکی زۆر بو شاکۆم نەبینیبو زۆرم بیرەکرد بەفرسەتم زانی چوم سەرێکم لە شاکۆ یاو دکتۆر سۆران تەلەفۆنی بۆ کردم وتی ئەیەوێ قسەت لەگەڵ بکا تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت وتی وەرە ئەمەوێ قسە بکەین، وتم باشە هەر ئێستا یەم دکتۆر سۆران تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت وتی بەچەن ئەگەیتە ئێرە وتم نیو سەعاتم ئەوێ لەبەر ئەوەی لەقولەرەیسیم بەڵام شەوەو جادە چۆڵە هەوڵ ئەیەم زوتر بگەم، وتی بڕوا ناکەم فریا بکەویت لەبەر ئەوەی دە دەقەی تر ئەیخەمەوە ژێر سێپاپ ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ئەڕوات، تەلەفۆنەکەم داخست وهەر ڕۆشتم بەڵام فریای نەکەوتم .

بۆ ڕۆژی دوایی کە ١٢/١٠بو کە هۆشیان هێنایەوە چومە لایەوە زۆر بێتاقەت بو خواردنیان بۆ هێنا ویستم بیەمێ وتی ناخۆم ئاوم بەرێ، ئاوم یایە وتم وەزعت چۆنە وتی "باش نیم، هەرچەنە منەتم بەمردن نیە بەڵام حەزناکەم جارێ بەجێتان بهێڵم" ئەو قسانە شۆکی کردم نەمزانی چۆن دڵی بەمەوە ، نەمزانی ئەوە دوا وتەکانیەتی کەئەیڵێت دەستیم گرت و وتم ئەوە باسی چی ئەکەیت مردنی چی هەر هەفتەیەکی ترەو هەڵەستیتەوە، سەرێکم هەڵبڕی سەیری جیهازەکەم کرد ئۆکسجینەکەی زۆر بەسەریعی دائەبەزی، دکتۆرەکان هاتن و پاڵیان خست و سێپاپەکەیان خستە سەر دەمی بۆ دواجار چاوی هەڵبڕی و سەیرێکی کردم وەک بڵێت تەواو ئیتر ئومێدم نەماوە بژیم، بەڵام من نەمەویست ئەوە لەچاوەکانی بخوێنمەوە، ئەمویست بەزۆر بڕوا بەخۆم بهێنم کە ئەوپەڕی دەڕۆژی ترەو چاک ئەبێتەوە.

کە بێهۆشیان کرد لەبەرامبەری لەسەر کورسیەک دانیشتم و بیرم لەکۆتا قسەی ئەکردەوە "منەتم بەمردن نیە" ئەو قسەیە هەمو کەسێک ناتوانێت بیکات بەتایبەت لەکاتێکدا مەرگ لەدامێنی بێت، ئەو قسەیە قسەی مرۆڤە خۆڕاگرو بەهێزەکانە، ئەوە قسەی پیاوێکە سەختی و هەورازو نشوییەکانی ژیان ڕۆژێ لەڕۆژان چۆکیان پێ دانەیاوە، قسەی پیاوێکە ویژادنی ئاسودەیە بەرامبەر بەنیشتمان و گەل و خێزان و کەسوکارو هاورێکانی، بەرامبەر بەو رێکخراوە سیاسیانەی کە بەوپەری دڵسۆزی و خۆنەویستیەوە خزمەتی تیاکردوە، قسەی پیاوێکە کە هەمو ئەو نەهامەتیانەی بەسەری هاتوە تێکی نەشکاندوەو گەورەتر بوە لەهەمو کێشەکان، قسەی پیاوێکە ئەو مێژوەی تیایا ژیاوەو ئەو پرۆسانەی تێی پەڕاندوە مانا ڕاستەقینەکەی ژیانی لەلا یەکاڵا کردۆتەوە....

ماوەیەک مامەوە لەلای و چومە خوارەوە ئیسراحەتێک بکەم، لەپڕ تەلەفۆنیان بۆ کردم  وتیان وەرە سەرەوە ئەمانەوێ قسەت لەگەڵ بکەین، کە چوم وتیان ئۆکسجینی بەرەو دابەزین ئەڕوات ئەبێ سۆندە لەناو دەمیەوە بەرین بۆ سیکانی ئەگەر ڕازین بۆمان ئیمزا بکە، منیش دوای پرس و ڕا بەچەند دکتۆرێک وتیان تاکە چارەسەر هەر ئەوەیە وئەبێ بەزوترین کات بۆی ئەنجام بەن، ئەوە بو لەدەوروبەری عەسر بو بە بەنجی عام سۆندەیان بۆ داناو بەتەواوی خەوانیان، بەڵام هەمو بەیانیەک ڕێژەی بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە بۆ ئەوەی تۆزێک مێشکی بەئاگا بێت و لەکار نەکەوێت، ئەوە بو هەمو بەیانیەک ئەچوم دەستیم ئەگرت و قسەم لەگەڵ ئەکرد بۆ چەند دەقەیەک، هەستم ئەکرد کەگوێی لێمەو دەستی توند ئەگرتم هەندێ ڕۆژ ئەیویست چاوی بکاتەوە بەڵام هەر زو بەنجەکەیان بۆ زیا ئەکردەوە، لەبەر ئەوەی کە سەری ئەجوڵاند قوڕگی عەزێتی پێ ئەگەیشت، زۆربەی ڕۆژیش گۆرانی (ئەسفەهانی) موعینی ئەسفەهانیم بۆ ئەخستە سەر مۆبایلەکەوبەکزی لەلای سەریەوە دامەنا.

لەو ڕۆژەوەی کە بێهۆشیان کرد هەمو ڕۆژێک بەڤایبەر نامەیەکی دورو درێژم بۆ ئەنوسی و باسی ئەو ڕۆژەم بۆ ئەکرد، بۆمەنوسی کەچەند بیری ئەکەم و چەن حەزەکەم گوێم لەدەنگی بێت.

لە ١٢/١٠بۆ ٢٨/١٠ سۆندەی ئۆکسجینەکە لەناو قوڕگیا بو واتا شانزە ڕۆژ، خوشکی هاوڕێیەکم لەسوید بەهەمان شێوە توشی کۆرۆنا بو ئەویش لەدەمییەوە سۆندەیان بردبوە ناو سییەکانی بەڵام بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، ڕۆژی یانزەمین قوڕگیان بۆ کون کردبو وتبویان لەوە زیاتر بمێنێتەوە کاریگەری خراپی ئەبێت، دوای ئەوەی قوڕگیان کون کردبو هۆشیان هێنابۆوەو سوپاس بۆ خوا پاش ماوەیەک چاک ببوەوە، هەرچەندە ماوەی دو ساڵ بەو شێوەیە مایەوەو دوسێ نەشتەرگەرییان بۆ کرد، بەڵام ئێستا تەندروستی زۆر باشە.

لەدوای هەشت ڕۆژ لە دانانی سۆندەکە، وەزعی بەرەو باشی ڕۆشت لەو ماوەیەیا کاک نەوزادی نوری بەگ لەگەڵ چەند برادەرێک هەوڵیاندا لەخەستەخانەیەکی ئەڵمانیا جێگەی بۆ دابین بکەن و بەفڕۆکەی تایبەت بیگوێزینەوە بۆ ئەوێ، بەڵام کاک فاروق پەشیمانی کردینەوە وتی وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات و هەفتەیەکی تر نابات هەڵەستێتەوە.

لەو ماوەیەیا دكتۆر هەڤاڵ، كە دكتۆری بەنج بولەخەستەخانەی FMC ئەو سەرپەرشتی ئەكرد، كاك فاروقیش بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دكتۆرەكان ئەكرد و تەئكیدی لێ ئەكردنەوە كە ئاگایان لێی بێت بەحوكمی ئەوەی هاوڕێی یەكتر بون و ڕێزی تایبەتی هەبو لای كاك فاروق، لەبەر ئەوەی زانیاریم هەبو لەسەر ئەو حاڵەتەی کە پێشتر باسم کرد، گەیشتە دەیەمین ڕۆژ لە دکتۆر هەڤاڵم پرسی کەی قوڕگی بۆ کون ئەکەن و هۆشی ئەهێننەوە، وتی جارێ نایکەین وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات ڕەنگە نەیەوێت، وتم بەڵام ئەوەنەی من بزانم و بیستبێتم ئەڵێن نابێ لە دە دوانزە ڕۆژ تێپەڕ بکات، وتی ئاخر قوڕگ کون کردنەکەش ئاسان نیە لەوانەیە تاماوە پێوە بناڵێنێ.

دڵم بەقسەکانی خۆش نەبو، بەمن بوایە ئەو ڕۆژە هەمو دکتۆرەکانم کۆئەکردەوەو پێم ئەکردن و هۆشم ئەهێنایەوە، زۆر جار بیر ئەکەمەوە نازانم بڵێم کەم تەرخەم بون یان زانیاریان کەم بو یان گرنگ نەبو بەلایانەوە، نازانم کامیان بو؟ چونکە بۆ ڕۆژی ٢٦/١٠کە چواردەهەمین ڕۆژ بو، وەزعی بەرەو خراپی ڕۆیشت بەهۆی سۆندەکەوە ناودەمی و قوڕگی هەموی بو بە فتریات و ئیلتیهابەکەی زیای کردو ئۆکسجینی دابەزی، ئینجا بڕیاریان دا کە قوڕگی کون بکەن بەڵام زۆر لەسەرخۆ بڕیاریان لەسەر داو، دوای دو ڕۆژ نەشتەرگەریەکەیان بۆ کرد بەبیانوی ئەوەی دکتۆرێکی باشیان لەدەرەوەی خەستەخانە  هەڵبژاردوە نەشتەرگەریەکەی بۆ بکات، بەڵام دوانیوەڕۆی ڕۆژی٢٨/١٠بۆی ئەکرێت بێت بۆی ئەنجام بات لەبەر ئەوەی نەشتەرگەری تری هەیە، ئەو دو ڕۆژە من لەسەر ئەعساب ئەژیام ڕجاو تکای دنیام کرد پەلەی تیا بکەن بەڵام بێ سود بو، لەوکاتەیا هەستم کرد چەن بێکەسە، نەمەزانی پەنا بۆ کێ بەرم و چی بکەم، بەهەرچیەکیشم ئەوت ئەیانوت دکتۆرەکانی خۆی شارەزاترن و ئیشی خۆیانەو ناتوانین تەداخول بکەین.

بەناچاری وەستاین تا دوانیوەڕۆی ٢٨ ی مانگ دکتۆر عیماد کەشارەزابو لەو بوارە نەشتەرگەریەکەی بۆ کرد،  دوای نەشتەرگەریەکە نەیانهێشت بچمە ژورەوە بۆ لای وتیان ماوەیەکی ئەوێت تا بەنج بەری ئەیات، لای ئێوارە چومە ژورەوە کە بینیم نەهێزی ڕۆشتنم ما نەقسەکردن، لەبەر ئەوەی هەرکە بینیم زانیم لەکاتی نەشتەرگەریەکە جەڵدە لێی یاوە، زانیم کەئەگەر بمێنێ نابێتەوە بە پیاوەکەی جاران و ڕەنگە ئەگەر بمایە هەتا مردن لەسەر کورسی بوایە، خۆم بۆ نەگیرا و ڕۆشتمە دەرەوە، ئەو شەوە تا بەیانی گریام، بەڵام لای کەسیش باسم نەکرد و وتم جارێ هۆشیان نەهێناوەتەوە، هەر واش بو لەبەر ئەوەی کە بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە ئۆکسجینی دائەبەزی ، بۆیە بەردەوام لەژێر ڕێژەیەکی کەمی بەنجا بو.

لە دوای ٢٨ ی مانگەوە من بەسەر دنیاوە نەبوم بەڵام نەمەویست بڕوا بەخۆم بهێنم کە ناژی. لە ماوەی ئەو دو هەفتەیەیا پەنام بۆ هەمو شتێ برد، چوار قورئانم لە کاکە دارای جەریدەفڕۆش کڕی و چوم خستمە مزگەوتەوە چوم بۆ مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ و حاجی مەلا عەلی و حاجی عەلی بەگی باوکی و هاوارم کرد لەسەر کورسیش بێت بەس خوا بمانناتەوە، ڕۆژی سێ چوار جار سەر سنگی و قاچ و دەستیم بە زەیتی زەیتون ئەشێلا، نەسرین خانی خوشکی پێی وتم هەمو جارێ کەدایکمان پارەی بۆ ئەکرد بەخێر پارەکەی لەدەوری سەری ئەگێڕا ئینجا ئەیکرد بەخێر، منیش هەمو ڕۆژێ چەنم پێ بوایە لەدەوری سەریم ئەگێڕاو ئەچومە دەرەوە ئەمکرد بەخێر، کراسی هەتیوم کرد بەخێر، دو حەیوانم نارد بۆ خانەی مناڵانی بێ سەرپەرشتان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر ئەبو.

شەش ڕۆژ پێش کۆچ کردنی پێم وابێ پێنجی مانگ بو چوم بۆ لای دکتۆر ئەنوەر شێخە لە خەستەخانەکەی خۆی و داوام لێکرد سەردانی بکات، بۆ ڕۆژی دوایی هات لەنزیکەوە بینی و سەیری فایلەکەی کرد، کەسەیری دەموچاویم کرد هیچ ئومێدێکم تیا نەئەبینی، کەچی مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە ئەمرێ، نەمەویست نە بڕوا بەدکتۆرەکان بکەم نە بەجیهازی ئۆکسجینەکە کەڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دابەزین ئەڕۆیشت، هەرچەندە پێشتر هەستم ئەکرد کەشتێک ڕو ئەیات بەڵام قەد تەسەوری مەرگی ئەوم نەئەکرد، تەسەوری مردنی خۆمم ئەکرد بەڵام هی ئەو نا.

 دومانگ پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت ڕۆژێکیان پێم وت هەستەکەم شتێک ڕو ئەیات و شتێکم لێ بەسەر یەت ژیانی تۆ ئەگۆڕێت، ئەم قسەیەم لای زۆر کەس لە کەسە نزیکاکانم کردو تەنانەت وامەزانی خۆم شتێکم لێ دێت، بۆیە وەسێتم بۆ ئەویش و بۆ چەن کەسێکی نزیکیشم کرد کەئێستا لەژیانان و شاهیدی ئەو قشەیەمن کە پێم وت ئەگەر هەرچیەکم لێ هات ئاگات لەشاکۆ بێت، وتی خوا نەکات ئیشەڵا تۆ هیچت لێ نایەت مەرگی من پێش مەرگی تۆ ئەبێت تۆ ئەمێنیت و شاکۆش گەورە ئەکەیت مناڵ بەبێ باوک هەتیو نابێت بەبێ دایک هەتیو ئەبێت، ئەگەر من بمرم دوای هەفتەیەک منی بیر نامێنێ، دڵم پڕ بو وتم خوا نەکات ئیشەڵا تۆش هیچت لێ نایەت.

لەو ماوەیەی کە لە کۆمایابو، لەهاوڕێکانی کاک مولازم عومەر بینی ٢٠/١٠هات بۆ خەستەخانە وتی حەزەکەم چاوم پێی بکەوێت، خۆزگە هەر نەیبینیایە چونکە زۆر بێتاقەت بو بەبینینی بەدڵ و چاوی پڕ لەگریانەوە هاتە دەرەوە، لەدوای ئەوەو دوای کۆچکردنی، کاک عومەر بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی لەماڵەوە بێتە دەرەوەو مەرگی هاوڕێ و هاوخەباتە دێرینەکەی نەخۆشی خست.

قسەیەک هەیە لەمناڵیمەوە ئەمبیست کە ئەڵێ مرۆڤ ئەو ڕۆژەی لەدایک ئەبێت ڕۆژی مردنیشی بۆ ئەنوسرێت، پێشتر ئەو قسەیەم بەشێوازێکی تر لێک ئەیایەوە هەتا ئەم ساڵانەی دوایی بەتەواوی بڕوام پێ هێنا کە ئەوەی ڕۆژی مردنمان دیاری ئەکات نهێنی ژمارەکانە، کە ڕەنگە لەم نامیلکەیەیا دەرفەتی باسکردنی نەبێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەی هەتا دوا هەناسەشی بڕوام نەئەکرد کە بمرێ، لە دو ڕێکەوت زۆر ئەترسام و پێشتر ئەموت ئەگەر ئەو دو ڕۆژە تێپەڕێنێت ئەوا ئەمێنێت، ئەویش ١/١١و١٠/١١ بو ئەوی یەکەمیانی تێپەڕاند بەڵام شەوی ٩ لەسەر١٠ ئەمزانی کە بۆ بەیانی تەواو ئەبێت، ئەو شەوە نەیانهێشت بەدیاریەوە بم لە ژورەوە دکتۆرەکان و نێرسەکان شکاتیان کردبو وتبیان تەداخولی ئیشمان ئەکات.

ڕاستیان ئەکرد هەنێ شت ڕوی ئەیا من خۆمم بۆ نەئەگیرا بۆ نمونە، ڕۆژی دو جار جلەکانی و جێگەکەیان ئەگۆڕی هەمو گۆڕینێک پشتیەکەیان لەژێر سەری لا ئەبردو ئەیانخستە سەرلا، بەمەش ئۆکسجینەکەی لە حەفتاوە دائەبەزی بۆ پەنجاو چل و هەتا چوار پێنج سەعات دوای ئەوە بەرز نەئەبۆوە، ئەوە زۆر توڕەی ئەکردم هەتا گەیشتە ئەو ڕادەیەی وتم نابێت بیگۆڕن، بۆیە ئەو شەوە نەیانهێشت بمێنمەوە چومە خوارەوە کەسوکار هەمو لەوێ بون  چاوەڕێیان ئەکرد من هەستم و بڕۆمەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕۆن بۆیە لەبەر چاوی ئەوان هاتمە دەرەوە تاچۆڵیان کرد ئینجا گەڕامەوە، تابان خانی خێزانی حاجی بەکری برای زانی ئەمێنمەوە ئەویش گەڕایەوە لەگەڵ شیلانی خوشکەزای لەساڵۆنەکەی خوارەوە ماینەوە.

ئەو شەوە بارانێکی زۆر بەخوڕ باری، ئاسمان ئەتوت کون بوە، هەتا بەیانی دوسێ جار چومە سەرەوە لەدەرگاکەوە سەیری جیهازەکانم ئەکر جار بەجار ئۆکسجینی دائەبەزی ، سەعات شەش خۆمم بۆ نەگیرا چومە ژورەوە بۆ لای بە نێرسەکەم وت ئەزانم کە تەواو ئەبێت ئەمەوێ ڕیشی بۆ بتاشم، پێشتریش هەر بە دو سێ ڕۆژ جارێک ڕیشم بۆ ئەتاشی، تاقمی ڕیش تاشینەکەی خۆیم دەرهێناو مۆبایلەکەشم خستە سەر گۆرانیەکەی موعین و بەگریان و فرمێسکێکی بەخوڕەوە دەستم کرد بەتاشینی ڕیشی، حەزمەکرد زەمەن لەویایا بوەستێت و هەمو گەردون کۆتایی بێت، حەزمەکرد منیش لەگەڵ ئەوا دڵم لەلێیان بوەستێت، نەمەویست کاتەکە تێپەڕێت و بڕوات چونکە ئەمزانی چ خەمێک چاوەڕێم ئەکات، ئەمزانی ڕۆشتنی لەو بارودۆخە ناهەموارەدا چی کەلێنێکی گەورە دروست ئەکات کەهیچ کەسێک ناتوانێ شوێنی خاڵیی ئەو پڕ بکاتەوە.

بو بە سەعات دەوری حەوت تەلەفۆنم بۆ کاک عوسمانی حاجی مەحمود کردو پێم وت خەریکە تەواو ئەبێت، بو بە حەوت و نیو هیچ کام لەدکتۆرەکان دیار نەبون تەنها دکتۆری خەفەری لێ بو ئەویش ڕۆشت و یەک نێرسی لێ مابۆوە، بۆیە بەگریانەوە تەلەفۆنم بۆ کاک فاروق کرد وتم قایەری حاجی عەلی لەسەرەمەرگایەو یەک کەس بەسەرسەریەوە نییە، لەدوای ئەوە ئینجا دکتۆرەکان گەیشتنە سەری.

 لەسەعات هەشت و چارەک وردە وردە ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ بیست و پانزەو دە تاوەکو بو بە سفر بەڵام دڵی لەلێدان نەئەکەوت لە هەشت و نیوا دڵی وەستا بەڵام بوژانەوەی دڵیان بۆ کرد بۆ ماوەی دە دەقەیەک، لەدوای ئەوە ئیعلانیان کرد کە نەماوە، بەجێم نەهێشت هەتا جیهازەکانیان لێکردەوە، چومەوە نزیکی و بۆ دواجار باوەشم پیاکردو ئینجا بەجێم هێشت و بەرەو ڕوی خەمێک ڕۆشتم ئەونە قوڵ بو نە سەری دیار بو نە بنی، ئەمویست یەکێک ڕامچڵەکێنێ و بڵێ ئەمە خەوە هەستە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو شەش ساڵەی کە هاوسەری بوم بوە خەوێک و یادگارییەکی جوان و بێ وێنە.

ئەو ڕۆژە هێشتیانەوە لەخەستەخانەو بۆ ڕۆژی دوایی بەڕێوڕەسمێکی تایبەت و کە تیایا چەند وتارێکی تیا خوێندرایەوە بەئامادەبونی جەماوەرێکی زۆر لەگردی ئابڵاخ بەخاکمان سپارد، ئەو کاتەی کە خستیانە ناو گۆڕەکەیەوە باوەڕم بەچاوەکانی خۆم نەئەکرد هەستمەکرد لاشەی یەکێکی ترە ئەیخەنە ژێر ئەو خاکەوە.

زۆر کەس بەمردنی بەداخ بون، ئەیانزانی مردنی ئەو کەلێنێکی گەورەی سیاسی لە ناوچەکە دروست ئەکات، چونكە کەسایەتی و کاریزماو مێژوی ئەو جیاواز بو، هەندێ کەسایەتی هەیە مەحاڵە دوبارە ببنەوە، نەیارەكانیشی شاگەشكە بون چونكە ئەیانزانی مانەوەی و داكۆكی كردنە سەرسەختانەكەی لەماف و ئازادی و ژیانێكی شایستەو دادوەرانە بۆ خەڵك، زەرەرە بۆبەرژەوەندیەكانیان.

چەند  ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی دەورم زۆر قەرەباڵغ بو مەجالی بیرکردنەوەم نەبو بەڵام کە شەو دائەهات یادگارییەکانم بیرەکەوتەوەو وەکو شێت بەماڵەکەیا ئەهاتم و ئەچوم.

ئەو قەمیس و پانتۆڵەی کە ئەخیرجار لەبەری کرد چۆن هەڵیواسیبو لەژورەکەیا هەتا ماوەیەکی زۆر دەسکاریم نەکرد، هەمو شتەکانییم لەجێی خۆی دانابو، دڵم نەئەهات دەستکاری هیچی بکەم چونکە بەئێستاشەوە هەستێکی سەیرم لا دروست بوە، وا هەست ئەکەم لەسەفەرەو ڕۆژێک لەڕۆژان یەتەوە. مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە نەماوە لەبەر ئەوەی ئەو زۆر شتی گەورەی تێپەڕاندبو لەژیانیا، چەندەها جار لە لێواری مەرگ گەڕابوەوە، کەچی زۆر بەئاسانی کۆرۆنا زەفەری پێ برد بێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکی هەبێت.

خەمەکە ئەوەنە گەورە بو بەهیچ شتێ سەبوری دڵم نەئەهات، شەوان تەنها دو سەعاتێک ئەنوستم، یەکسەر ئەهاتە خەوم بەتایبەتی دوسێ مانگی یەکەم، هەمو شەوێک خەوم پێوە ئەبینی، ناخۆشترین چرکە ساتیش بەئێستاشەوە ئەو چرکە ساتەیە کە بەیانیان خەبەرم ئەبێتەوە سەر لەنوێ خەمەکە خۆی تازە ئەکاتەوە، بەیانیان کەهەڵەستاین لەخەو لەبەر ئەوەی ئەو دوای من هەڵەستا ئەو سەرجێگاو چەرچەفەکەی چاک ئەکرد، لەیەکەم ڕۆژی مردنیەوە هەمو بەیانیەک یەکەم شت ئەوەم بیرەکەوێتەوە.

وام لێ هاتبو کە خەڵکم ئەبینی بەجلی ڕەنگاوڕەنگەوە لام سەیر بو، لام سەیر بو کە خەڵکم ئەبینی پێ ئەکەنین و دڵیان خۆش بو، ڕۆژ بەڕۆژ خەمەکە زیاتر ئەبو هەستم ئەکرد بەتێپەڕینی کات زیاتر دورەکەومەوە لێی، لەوە ئەترسام یادگارییەکانی کاڵ ببنەوە لەلام، ڕۆژانە بەسەعات و دو سەعات سەیری وێنەکانیم ئەکرد، نامەکانیم دوبارەو سێبارە ئەخوێنەوەو گوێم لەدەنگی ئەگرت.

دوای چل ڕۆژ هەر لەسەر ئارامگەکەی چلەیەکی بچوکمان بۆ ڕێکخست، لەبەرئەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەو ماوەیەدا بەرەو زیاد بون ئەچو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی گەورەی بۆ بکەین، بۆیە بڕیارماندا لەمانگی سێ و لەڕۆژی لەدایک بونیدا کە ١/٣ بو یادی بکەینەوە.

ئەوەبو بەهاوکاری هاوڕێ و دۆست و دڵسۆزانی و بەسەرپەرشتی  کاک عوسمانی حاجی مەحمودو کاک نەوزادی نوری بەگ لەمەراسیمێکدا لەتەلاری هونەر یادمان کردەوە.

هەتا ماوەی ساڵێک جلەکانی لەکەنتۆرەکەیا بون دڵم نەئەهات دەسکاریان بکەم، شوشەی بۆنەکەی زۆر کەمی تیا مابو، چوم دانەیەکی ترم کڕی و هەمو ڕۆژێک ئەمکرد بەژورەکەیا بۆئەوەی بەردەوام بۆنی ئەوی لێبێت، هەتا وام لێ هاتبو ئەچومە هەر شوێنێک کە پێشتر پێکەوە بۆی چوبین بۆنی ئەوم ئەکرد.

ماوەی چەند مانگێک دوای کۆچی کە هەرخۆم بەتەنیا بچومایەتە دەرەوە لەئوتومبیلەکەیا بەدەم گریانەوە گوێم لە گۆرانی پاییزی عەدنان کەریم ئەگرت کە هۆنراوەی محەمەد عومەر بو، هەمو جارێ ئەیوت هۆنراوەیەکی زۆر خۆش و غەمگینە عەدنان کەریمیش زۆر خۆشی وتوە، نەیەزانی خۆشی لەپاییزا لەگەڵ گەڵا وەرینا کۆچ ئەکات.

پێشتر کە شەوان پێکەوە ئەچوینە دەرەوە ئەیوت با بەئوتومبیلەکە پیاسەیەکی سەهۆڵەکەو شەقامی مەولەوی و بەردەمی مزگەوتی گەورە بکەین، هەمو جارێ کە ئەگەیشتینە لای سەهۆڵەکە ئەیوت خۆزگە ڕۆژێک بەپێ تێر پیاسەم بەم جادەیەیا بکردایەو تۆزێ لەگەڵ ئەو گەنجانە دانیشتمایە، ئێستاش کە بەویا ئەڕۆم قسەکەیم بیرەکەوێتەوە، هەمو شەقامەکانی شار پڕن لەیادگاری و بۆنی ئەو.

لەدوای کۆچکردنی هەتا ماوەیەکی زۆر دانەکانم نەشت، لەبەر ئەوەی پێشترهەمو شەوێک بەیەکەوە دانمان ئەشت، هەندێک شەو ئەچو بەدزی منەوە دانی ئەشت و ئەهات دائەنیشت ئەیوت بۆئەوەی بەزۆر خواردنم نەیەیتێ، گرنگی زۆر ئەیا بەدانی هەمو ساڵێک ئەچو پاکی ئەکردەوەو هیچ شەوێکیش بەبێ دان شتن و پاککردنەوەی نەئەنوست، شەوێکیان لەدوای کۆچکردنی پێش نوستن فڵچەکەیم دەرهێناو گرتم بەدەستێکمەوە بەفڵچەکەی خۆشم بەگریانەوە دەستم کرد بەشتنی دانم. لەدوای ئەوەوە هەمو شەوێک بەهەناسیەکی قوڵ و ساردەوە دەستم بۆ فڵچەی دانەکەم ئەبرد هەتا شاکۆم فێری دان شتن کرد، ئێستاهەمو شەوێک لەگەڵ شاکۆیا پێکەوە دانمان ئەشۆین.

دو ساڵی زۆر سەختم بەڕێ کرد، بەتایبەتی ساڵی یەکەم ، هەمو یەکەم بۆنەکان لەدوای ئەو زۆر قورس بو، یەکەم سەری ساڵی تازە، یەکەم جەژنی ڕەمەزان و قوربان یەکەم نەورۆز هەر زۆر قورس بو، لەبەر ئەوەی نەورۆزەکانی پێشو یادگاری زۆر تایبەتمان هەبو پێکەوە، یەکەم ڕۆژی لەدایک بونی خۆم لەگەڵ  یەکەم ڕۆژی لەدایک بونی ئەو، یەکەم ڕۆژی هاوسەرگیریمان، هەمو شتەکان یەکەم جاریان دڵێک و غیرەتێکی ئەویست تەحەمولی بکات، یەکەم بازاڕ کە کردم دوای ئەو قورسترین ڕۆژ بو لەلام لەبەر ئەوەی بێ ئەوەی بەخۆم بزانم دەستم دایە ئەو شتانەی کەپێشتر بۆم ئەکڕی  و خستمە سەبەتەکەمەوە دوایی کەبەخۆمم زانی دامنانەوە، یەک دوجار ئەمویست هەر وەکو جاران دەست بەمە مۆبایلەکەو تەلەفۆنی بۆ بکەم بزانم چی ئەوێت.

تا ماوەیەکی زۆریش نامەم بۆ ئەنارد و بۆمە نوسی کەلەدوای ئەو ژیان چەن بێ مانا بوە، بەردەوام وێنەی شاکۆم ئەگرت و بۆمەنارد هەروەکو جاران، هەتاکو ساڵێکیش دەوروبەری نیوەڕۆ چاوەڕێی تەلەفۆنیم ئەکرد هەروەکو جاران بڵێ بەڕێوەم بۆ ماڵەوە هیچت ناوێ بیهێنم لەگەڵ خۆم.

هەتا ئێستاش دەستکاری تەلەفۆنەکەیم نەکردوە هەروەک خۆی هێشتومەتەوە، ئێستاش بەردەوام وێنەو ڤیدێۆی بۆ ئەنێرم، یادگاریەکی زۆر شیرینە لەلام هەر بۆیە ئوتومبیلەکەمم بۆ فڕۆشت و ڕەقەمەکەیم کڕییەوەو کردم بەناوی خۆمەوە. زۆربەی وێنەکانیم گەورە کردو هەڵمواسین، هەمو سوچێکی ماڵەکە یادگاری بو، هەمو ڕۆژێ بیرم لەڕوداوەکانی ئەو ڕۆژە ئەکردەوە لەساڵی پێشترا، بەهۆی وێنەو ڤیدیۆکانی شاکۆوە ئەمزانی پار ئەو کاتە چی ڕوی داوەو چۆن ڕۆژەکەمان بەڕێ کردبو.

پێشتر من مەرگی دایکم و باوکمم بینیبو، مەرگی دایک و باوکیش بەسوێیە، بەتایبەتی دایک، کەهەتا چل ڕۆژ هەمو ڕۆژێک پێش ئەوەی بچومایە بۆ دەوام ئەچومە سەرگۆڕەکەی بۆئەوی تۆزێ سوکنایی بەدڵما بێت، بەڵام مەرگی ئەم جیاواز بو، چونکە بەتەنها هاوسەر نەبو بۆمن، باوک و براو هاوڕێ بو، پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەین بەرپرسم بو لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەناو یەکێتیشدا، زۆر قورسە کاتێک هەندێ باس و خواز و قسەکردنێک لەنێوان دو کەسدا هەبێت بەتەنها خۆیان لێی تێ بگەن و لەپڕ یەکێکێکیان نەمێنێ  هەمو باس و خوازو قسە تەواو نەکراوەکان و نهێنیە هاوبەشەکانی نێوانیشیان ئەمرێ لەگەڵیا، بۆیە ئەوەی ئەمێنێتەوە هەمو شتەکان تیایا ئەمرێت و مانای ژیان بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێت.

سەرەتا ڕۆژانی هەینی ئەچومە سەر ئارامگەکەی، بەڵام دواتر کردم بەئێوارەی پێنج شەمان  لەبەر ئەوەی حەزم نەئەکرد بەیانیان شاکۆ بەجێبێڵم بەخەوتویی.

هەمو پێنج شەممەیەک چەپکێ گوڵم ئەبردو ئارامگەکەیم ئەشت.

لەماوەی ئەو ساڵەیا زۆر کەس ڕوی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا کرد، بۆیە منیش زۆربەیانم لەژیانم کردە دەرەوە، هەمو ڕۆژێکیش ئاواتم ئەخواست کە بۆ پێنج دەقەش بێت زیندو ببوایەتەوەو ئەویش ئەو ڕوە ڕاستەقینانەی ببینیایە.

لەدوای ساڵێک سەفەرم کرد بۆ سوید لەبەرئەوەی باری تەندروستی شاکۆ زۆر باش نەبو، کە گەیشتمە ئەوێش دوبارە خەمەکەم تازە بۆوە، بێجگە لەو کێشانەی کە بەرەوڕوم هات کە لێرەیا جێگەی باس کردنی نییە.

زۆربەی شوێنەکانی ئەوێش یادگاری بون ڕێگەو بانەکان و ناو بازاڕو ئەو شوێنەی تیا ئەژیام یادگاریەکی خەماوی بون هەمو ڕۆژێ لەگەڵیانا ئەژیام، زۆربەی ڕۆژ بەشوێن پێکانیا ئەڕۆشتم و ئەکەوتمە بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لەم ژیانە بێ مانایە کەلەپڕو لەچرکە ساتێکا مردن یەت و ئازیزانت لێ ئەسەنێت و نایانبینیتەوە بۆ ئەبەد.

ئێستا لەدوای دوساڵ لەخەم و نەهامەتی و ئازار، ئەمەوێ وردە وردە لەبەر خاتری شاکۆ پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ ژیان، ئەمەوێ باری خەمم وردە وردە سوک بکەم بۆ ئەوەی بتوانم جێگەی هەمو کەسێک بۆ شاکۆ بگرمەوە، جێگەی باوک و براو خوشک و هەمو کەسێک، بتوانم بەشێوەیەک گەورەی بکەم کە هەمو سیفاتە جوانەکانی باوکی تیا بەرجەستە بێت.

ئاسودەو سەربەرزم کە شەش ساڵی پڕ لەخۆشیمان بەسەربرد پێكەوە، شانازی بەوەوە ئەکەم ماوەی شەش ساڵ هاوسەری بوم بێ ئەوەی کەسمان دڵی یەکترمان شکاندبێ، ئەو شەش ساڵەی دوایی تەمەنی گەشابوەوە، هەمو جارێک ئەیوت ئێستا ئەزانم ژیان مانای چیە، بیرچونەوەی مەحاڵە، یادو یادگارییەکانی و هەمو هەڵسوکەوت و قسەکردن و ڕەفتارێکی بەردەوام لەبیرەوەریمایەو بوەتە نەخشە رێگا بۆ هەمو ژیانم.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×