شاخەوان عەبدوڵا: هەرێمی كوردستان لە ئامادەکردنی بودجەو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رۆڵی دەبێت
  2022-11-10       379       

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەبارەی پڕۆژەیاساکانی بودجەو نەوت و گازو کۆمەڵێک پرسی دیکە گفتوگۆ دەکات.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی بودجە، بە روداوی راگەیاند، یەک لەو خاڵانەی لەکاتی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کراوەتە مەرج، بەشداریکردنی هەرێمی کوردستانە لە نوسینی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق.

وتیشی: "لەکاتی دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان باسمان لەوەکرد کە یەکەم پڕۆژە چاوەڕێین حکومەت بینێرێتە پەرلەمان، پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023یەو بەلامانەوە گرنگترین بابەتە، لەبەرئەوەی بەبێ یاسای بودجە حکومەت ناتوانێ کۆمەڵێک لەو پڕۆژانە جێبەجێ بکات کە لە کارنامەی کارەکەیدا هەیەتی".

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی"چاوەڕێین لەدوای چونی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو گفتوگۆکردن لەبارەی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی وڵات و دواتریش تاوتوێکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، تاوەکو مانگێکی دیکە پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕو"کۆمەڵێک پرس هەن کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا باسیان بکات. دو پڕۆژە هەن کە لەکاتی دەنگدان لەسەر کارنامەی حکومەت لە پەرلەمانی عێراق، نوسراوە دەبێت بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن. یەکەمیان پڕۆژەی بودجەیەو ئەوی دیکەش پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. بابەتی ئەنجومەنی فیدراڵیش هەیە. ئەمانە کۆمەڵێک پڕۆژەن کە رەهەندی سیاسییان هەیەو پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڕشتەوەیان بەشداربێت".

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی وت"پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتو وەفدی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغداو ئێمەش لێرەوە هەمو هاوکارییەکیان دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەو کۆمەڵێک پرسی دیکەش هەن گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، لەوانە کاراکردنی لیژنەی مادەی 140 کە ماوەی مانگێکی بۆ دانراوە بۆ دەستبەکاربونی".

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بە ئامانجی گفتوگۆی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا كردو وتی"پڕۆژەیاسای بودجە یەک لەو بابەتانەیە کە مەرجی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە نوسینەوەی بۆ داندراوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی"قسەکردن لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە گفتوگۆی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بزانێت بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 چەند دەبێت".

 لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێم شاخەوان عەبدوڵا وتی"لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا بۆ نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بڕگەیەک هەیە ئاماژە بەوە دەکات، هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن بە گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکەن".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وت"لە لاپەڕەی دانوستاندنکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش نوسراوە کە هەردو حکومەت کارئاسانی دەکەن بۆ رێککەوتنی نوسینەوەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازو تاوەکو ئەو کارتەی یاساکەش دەردەچێت، هەردو حکومەت رێکدەکەون بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا".

بەوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "یەکلاکردنەوەی ئەنجومەنی فیدراڵی کێشەی لەسەرە و وەفدی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیدا باس لەو بابەتەش دەکات".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×