حكومەتی هەرێم: زیاتر لە 24 هەزار بیری هه‌ڵكه‌ندراو لە هەرێمی كوردستان هەن
  2022-11-11       279       

كاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەهەر سێ بواری کشتوکاڵ، ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ و پیشه‌سازی 24 هه‌زار و 410 بیری هه‌ڵكه‌ندراو لە کوردستان هەیە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی دروستکردوە، بۆیە لەئێستادا ستراتیژییەتی ئاو جێبەجێ دەکەن و کار بۆ پاراوکردنى ئاوی ژێر زەوی دەکەن.

ئاوێنە: کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە پێگەی رەسمی حكومەتی هەرێمی راگەیاندوە، لەماوەی رابردو له‌ كه‌رتی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، چه‌ندین پرۆژەی جۆراوجۆر ئه‌نجام دراون، كه‌ به‌شێكیان كاره‌كانیان ته‌واو بوه‌ و به‌شێكیشیان كاره‌كانیان ته‌واو نه‌بوه. واتە بە‌ كۆی گشتی، 76 پرۆژە بە گوژمەى 514 ملیار و 893 ملیۆن دیناره هەبوە کە بەم شێوەیە دابەش کراوە:

- پڕۆژەی ئاودێری تەواوکراو: 4 پرۆژە‌، به‌ گوژمه‌ی 2 ملیار و 893 ملیۆن دینار.

- پڕۆژەی تەواونەکراو کە ( 1-99% )یان تەواوکراوە: 24 پڕۆژە‌، به‌ گوژمه‌ی 71 ملیار دینار.

- پۆندی تەواوکراو: 5 پۆند، به‌ گوژمه‌ی ملیارێک دینار.

- پۆندی تەواونەکراو کە (20-71%)یان تەواوکراوە: 13 پڕۆژە.

- نەخشەسازی پۆند: 30 پڕۆژە‌ به‌ گوژمه‌ی 440 ملیار دینار.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ساڵى 1991ـەوە تا 6 مانگى ڕابردو، 118 پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەبوە، بەڵام لەم شەش مانگى ڕابردو، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنی 37 پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بە دوو قۆناغ داوە، کە نزیکەى 26 ملیار دیناریان تێ دەچێت.

کاروان سەباح هەورامى لەبارەی ستراتیژى تایبەت بە بیرى ئاویش دەڵێت، تا كۆتایی ساڵی 2021 ئاماری بیره‌ هه‌ڵكه‌ندراوه‌كان بریتی بوه‌ له‌ 24 هه‌زار و 410  بیری جیاواز له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی.''

باسى لەوەشکرد، دیراسەى چەندین پڕۆژەى گرنگیان بۆ پاراوکردنى ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی کردوە لە ڕێگەى دەستکرد، کە یەکێکیان بریتییە لە زیادکردنى ئاوى ژێر زەویى لە ڕێگەى بیرى دەستکردەوە کە لە ڕێگەى کۆمپانیایەکى بەریتانى کارى لەسەر کراوە و بڕیار وایە لە قۆناغى یەکەم، 20 بیر لە دەوروبەرى شارى هەولێر لێ بدرێن کە شوێنەکەشیان دیارى کراوە بۆ ئەوەى ئاوى سەرزەوی شۆڕ بکرێتەوە بۆ ژێر زەوی و تێکەڵ بە کۆگاکانى ئاوى ژێر زەوی بکرێت تا ڕێژەى ئەو ئاوە زیاد بکرێت و ئەم ڕێگەیە کە ئێستا لە زۆربەى وڵاتانى دونیا باوە، بە سەرگرتنیشى لە سەرانسەرى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×