ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، تۆمەتبارێکی هەڵاتو دهستگیركراوه کە لە بەغدا "دایک و دو خوشکی خۆی کوشتوە".
ئاوێنه: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئێوارهی ئهمڕۆ له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر تۆمەتبارێکی هەڵاتو بە ناوی (ع، م، ه) دەستگیركرد، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانەکەی لە شاری بەغدا".
ئاماژهی بهوهشكرد، تۆمەتبار (ع، م، ه،) لەدایکبوی 1999 و دانیشتوی شاری بەغدا، لە ڕێکەوتی 8ی تشرینی دوەمی 2022، سێ ئەندامی خێزانەکەی کە پێکهاتبون لە دایکی بەناوی (زەهرا عەلی حسێن) و دو خوشکی دیکەی بەناوەکانی (دوعا مەجید هاشم محەمەد و بوشرا مەجید هاشم محەممە) دەکوژێت، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵدێت بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە دەست هێزە ئەمنییەکان و هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتباری ناوبراو و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە توانرا لە ڕۆژی پێنجشەممە 10ی تشرینی دوەمی 2022 تۆمەتبار دەستگیر بکرێت و لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.