ئاماری نوێی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان
  2022-11-12       424       
رۆژی 6ی تشرینی دوەمی 2022، مەریوان، فۆتۆ: تایبەت بە هەنگاو

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، تاوەكو ئێستا لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا، 63 هاوڵاتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكان دەستبەسەرو ڕفێندراون.

ئاوێنە: بەپێی ئامارێكی رێكخراوەكە كە ئەمڕۆ شەممە، بڵاویكردۆتەوە، لەو 63 هاوڵاتییە كوردەی لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا كوژراون، 11 كەسیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵ و هەروەها 7 كەسیان ژن بون و 5 كەسیشیان لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەكەی هەنگاو، زیاتر لە 4300 هاوڵاتی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە دەسگیركراون كە لەوانە 136 كەسیان ژن و 85 كەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵانە.

بەگوێرەی ئامارەكانی پێشوتری ئەو رێكخراوە لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نزیكەی پێنج هەزار هاوڵاتی كورد لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان برینداربون.

پێشتر رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەختی كردبوەوە كە "ئاماری بەردەستی هەنگاو تەنیا ئەو حاڵەتانەیە کە توانیومانە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ بنەماڵەی کوژراو و بریندارەکان پەیوەندی بگرین و وێنەو بەڵگەکانی بەردەستمان بە بەراوردکردن لەگەڵ زانیارییەکانی ئەوان پشتڕاست بکەینەوە. هەربۆیە باوەڕمان وایە، لەکاتی باشتربونی دۆخی ئینتەرنێت و هەروەها بڕیاری بنەماڵەکان بۆ میدیایی کردنەوەی هەواڵی برینداری و کوژرانی کەسە نزیکەکانیان، ئامارەکان زۆرتربن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×