شاخەوان عەبدوڵا: گرفتی دابینکردنی بودجە بۆ لیوای 20 چارەسەرکرا
  2022-11-12       534       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی کردەیی بودجە بۆ لیوای 20 بۆ ناوچە کوردستانییەکان لە بودجەی وەزارەتی بەرگری جێگیرکراو بڕیارە دوای گفتوگۆی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە، رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"پرسی دابینکردنی بودجە بۆ هێزەکانی لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق یەکلا بوەتەوەو وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بودجەی خۆیدا جێگیری کردوە، هەروەها رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بودجەیان تەواو کرد، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن و دوای ئەوە بێتە پەرلەمان و لەوێش ئێمە داکۆکیی لێ دەکەین و پەسەند دەکرێت، بۆیە بودجەی لیوای 20 بوەتە بەشێک لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کە دوای پەسەندکردنی بودجە بۆیان دابین دەکرێت و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبن".

شاخەوان عەبدوڵا رونیشی کردەوە: "پێشتر هەنگاو بۆ لیوای 20 نرابو و گرفتی ئیدارەیان چارەسەرکرابو لە مانگی نۆی ئەمساڵدا، کە تەنیا بابەتی دارایی مابو و هەندێک پارە پەیدا کرابو هی گرێبەستەکان بو، بۆ ئەوەی موچەی بنەڕەتیی سەربازەکان بدرێت تا بودجە پەسەند دەکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی رازی نەبو و ئێستا وەزارەتەکان بەشەبودجەی خۆیان رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتو، بۆیە ئێستا بودجەی ئەو لیوایە خراوەتە ناو بودجەی وەزارەتی بەرگری و جێگیر کراوەو رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە و یەکلاکراوەتەوە، هەوڵیش دەدەین کە هاتە پەرلەمان پەسەند بکرێت و بودجەیان بۆ دابین بکرێت، کە ئەو لیوا هاوبەشە لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاوەیان پێ دەکرێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی دا، بڕیارە یەکەم پڕۆژەیاسا کە چاوەڕێین بێتە پەرلەمان، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بێت بۆ ساڵی داهاتو، چونکە ئەوە گرنگترین پڕۆژەیاسایەو ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە نەبێت، حکومەت ناتوانێ هەنگاوەکان جێبەجێ بکات، کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.

وتیشی، بڕیارە وەفدی حکومەتی هەرێم بێتە بەغداو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پشکی هەرێم گفتوگۆ بکەن، ئەوکاتە ئەگەر کێشە دروست نەبێت و هیچ بەربەستێکیش نەیەتە پێشەوە، لە ماوەی مانگێکدا بودجە دەگاتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×