بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رونكردنەوە دەدات
  2022-11-12       741       

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە حكومەتی هەرێم دەڵێت، لە هەندێک شوێن ژمارەی فەرمانبەر زیاد لە پێویستە و لەو شوێنانەدا پلەبەرزکردنەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شایستەن.

ئاوێنە: عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە حكومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند"ساڵانە کە یاسای بودجە ئامادە دەکرێت، ئەوەی پێویستە دەستنیشان بکرێت ئەوەیە کە چەند پلەی بەتاڵ و چەند پلە بەرزکردنەوەمان پێویستە. ئێستا ئەنجومەنی راژە لەو چوارچێوەیەدا سەرقاڵی کارەکانییەتی."

 لە مادەی شەشی یاسای فەرمانبەرانی دەوڵەت کە ساڵی 2008 پەرلەمانی عێراق دەریکردوە، باس لەوەدەکات کە بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران بەگوێرەی لێهاتویی فەرمانبەران دەبێت. سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لەوبارەیەوە وتی، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیکەن "جیاوازە لە یاسای عێراق. ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوە لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا جێگیربکرێت، بەڵام ئەوەش پشت بەو بەشە بودجەیە دەبەستێت کە لە عێراقەوە بۆمان تەرخان دەکرێت."

عەبدولحەکیم خەسرۆ وتی، هەرکاتێک ئەنجومەنی راژە کاری خۆی لەبارەی بەرزکردنەوەی پلە تەواو کرد، ئەوانیش بڕیار دەدەن کە چۆن کاری لەسەربکەن.

لە ساڵی 2016ـەوە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ وتی، لەو کاتەوەی پلە بەرزکردنەوە راگیراوە یاسای بودجەش لە هەرێمی کوردستان نەبوە.

رێکارەکانی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران جۆراوجۆر دەبن. سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی"لە هەندێک وەزارەت و هەندێک فەرمانگە ژمارەی فەرمانبەر زیاترە لەوەی کە پێویستە؛ ئەو کاتە پلەبەرزکردنەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شایستەن؛ بۆیە ئەم پڕۆسەیە وردەو دەبێت دادپەروەری تێدابێت. بەدڵنیاییەوە ئەنجومەنی راژە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندان لەوچوارچێوەیەدا بە وردی کار دەکەن."

دەنگۆی بڵاوبونەوەی پلەبەرزکردنەوە بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی لێهاتویی فەرمانبەران نیگەرانی لێکەوتوەتەوە،  لەوبارەوە عەبدولحەکیم خەسرۆ وتی: "بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی راژە لە هەمو پلەکان بکۆڵێتەوە، بەتایبەت فەرمانبەری شارستانی. بڕیارەکە داوا دەکات ئەوەی پێویست بێت بۆ دەستنیشانکردنی پلەی بەتاڵ و پلەی پێویست بۆ بەرزکردنەوە بیکات. یاسای راژەی شارستانی و یاسای میلاکات ئەو فەرمانبەرانە دیاریدەکات کە شایستەی بەرزکردنەوەی پلەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×